سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: لەگەڵ بەغدا گەیشتووینەتە چەند لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا کرد. مەسرور بارزانی گوتی، لە سەردانەکەدا "گەیشتووینەتە چەند لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
رۆژی یەکشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 100مین کۆبوونەوەی خۆی بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران ئەنجامدا. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ‎لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە 11-01-2023 تاوتوێ کرا. 
 
مەسرور بارزانی دەڵێت: لە کۆبوونەوەکاندا هەستمان بەوە کرد کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاریی پەسندکراو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە.
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەسەر بابەتەکانی، پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023، پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵ، ماف و شایستەکانی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و "دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان" و چەندین بابەتی دیکە گفتوگۆیان کردووە، مەسرور بارزانی دەڵێت، لەسەر ئەو بابەتانە "گەیشتووینەتە چەند لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ‎بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی و دوا بەرەوپێشچوونی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە کاتی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لە 11ى كانوونى دووه‌مى 2023 بۆ بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کە لە لایەن کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.
 
‎راگەیێندراوەکە ئەوەی تێدا هاتووە، لە بڕگەی سێیەمدا، دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان راپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی یەکەم خستەڕوو.
 
‎مەسرور بارزانی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی "بە رێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە"، دووپاتکردەوە.
 
ئاماژە بەوەش کراوە، ‎دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە تێکڕای دەنگ راپۆرتەکەی پەسند کرد.