داعش لە گوندێکی کفری دوو شوانی کورد دەڕفێنێت


رووداو دیجیتاڵ

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە چەکدارانی داعش دوو شوانی کوردیان لە گوندی قەڵای سەربە شارۆچکەی زنانە لە سنووری قەزای کفری رفاند. بەڕێوەبەری ناحیەی زنانەش دەڵێت: "بۆ پارە رفێندراون."
 
ئەحمەد عەبدولڕەحمان، دانیشتووی گوندی قەڵا بە رووداوی راگەیاند: "ئەو دوو گەنجە شوانن، ئەمڕۆ ئاژەڵەکانیان بردووەتە دەرەوە بۆ لەوەڕاندن، بەڵام لە دوای کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی دیار نەماون."
 
دوو شوانەکە یەکێکیان ناوی محەممەد حوسێن عەلییە و تەمەنی 16 ساڵە، ئەوەی دیکەشیان ناوەی سەباح حەسەنە و تەمەنی 20 ساڵە، بە گوتەی ئەحمەد عەبدولڕەحمان، دوو شوانەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون. گوتیشی، چەکدارانی داعش پێشتریش تەقەیان لە دوو شوانی دیکەی گوندەکە کردووە، بەڵام ئەوە یەکەمجار خەڵکی گوندەکەیان دەڕفێنن.
 
هەروەها وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارۆچکەی زنانە بە رووداوی راگەیاند، لەلایەن کەسوکاری ئەو دوو شوانە لە رووداوەکە ئاگاداریان کراونەتەوە. گوتیشی: "ئەو چەکدارانەی داعش تەنیا بە مەبەستی وەرگرتنی پارە خەڵک دەڕفێنن."
 
ساڵی رابردووش چەکدارانی داعش دوو شوانی دیکەیان لە هەمان ناوچە لە گوندی دووراجی رفاند، دواتر یەکێکیان بە 30 هەزار دۆلار و ئەوی دیکەشیان بە 20 هەزار دۆلار ئازادکرد.