مەسرور بارزانی: نابێت لایەنە بەشدارەکانی نێو حکومەت رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینن

15-01-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە وا رێککەوتبوون کە کۆتایی بە دووئیدارەیی بهێنن و شوێنەوارەکانی بسڕنەوە و بڕیارەکانی حکومەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت. دەشڵێت، بەڵام "بەداخەوە" لە هەندێک شوێن "رێگری کراوە و کۆسپ بۆ حکومەتی هەرێم دروست کراوە کە ئەمەش زیانی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیيانمان گەیاندووە."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-01-2023، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەبێت لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت پاڵپشتی لە حکومەت بکەن و "نابێت لە ناو حکومەت بن و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینن." دەشڵێت، "پێویستە وەزیر و تیمە وەزارییەکانیش جێبەجێکاری ئەجێندای حکومی بن و نابێت کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بگوازنە ناو حکومەت. دەبێت کێشە سیاسییەکان لە دەرەوەی حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت نەک کاری حکومەت پەک بخەن."
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا، مەسرور بارزانی دەڵێت، بەدواداچوونی بۆ ئەوە کردووە کە نزیکەی دوو ساڵە کێشەی کۆکردنەوەی داهات و نەمانی پارە لە بانکەکانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین هەیە و لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی و ناوخۆ بۆ بەدواداچوونی ئەم کێشەیە پێکهێنرا. دەشڵێت، "بەڵام کرۆکی ئەم کێشەیە ئەوەیە کە هەندێک کەس و لایەن لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان، دەست دەخەنە ناو پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ئەو سنوورانە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو کەسانەی کە رێگرن لە کۆکردنەوەی داهات لەو سنوورانە "بەرپرسیارن لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بە هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی حکومەت دەگات."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە، "شەفافییەت ئەوەیە کە حکومەت، خۆی چاودێری لەسەر کۆی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتەکانی بکات، نەک بە تەنیا ئاگاداری ئەو بەشە بێت کە بۆ حکومەت جیا دەکرێتەوە. لە سەرەتای ئەم کابینەیە، هەوڵمان داوە داهاتەکانی هەرێم رێکبخەینەوە و تائاستێکی باشیش سەرکەوتوو بووین و هەر بەو هۆیەوە، توانیمان قۆناخی سەختی بێ داهاتی لە سەرەتای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنادا تێپەڕێنین."
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشی سەرەکیی ئەم حکومەتەیە و بەشێک لە بەرپرسانی ئەو حیزبە گلەیی دەکەن لەوەی کە وەک پێویست ئاوڕ لە پارێزگای سلێمانی نادرێتەوە و "ئابڵوقەی خراوەتەسەر"، بەڵام وەک لە راگەیێندراوی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە، "داهاتی نەوت و هەروەها ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتووە، بە شێوەیەکی یەکسان دابەشکراوە و مووچەی کارمەندانی پێ دراوە."
 
ئەوەش هاتووە کە "ئەوەی جێگەی هەڵوەستە بووە، داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم بووە کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنوورییەکانە، بەڵام بەداخەوە، رێگە نەدراوە ئەم بوارە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین رێکبخرێتەوە، بۆیە سەرکردایەتیی یەکێتی بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لەو دەڤەرانە دروست بووە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پلانیان هەبوو ئەم دۆخەش تێپەڕێنن و هەنگاوی باشیشان نابوو بۆ چارەسەر "بەڵام بەداخەوە رێگری کرا لە جێبەجێکردنی و دواتریش کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ئەو پرۆسانەی بە تەواوی پەک خست."
 
لەبارەی کێشە داراییەکان، کۆکردنەوەی داهات و ناردنی هێز بۆ خاڵە سنوورییەکان کە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە دابوو، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "یەکێتی نیشتمانی رێگر بوو و هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر ئەوە بکرێت شەڕی ناوخۆ روودەدات".
 
لەوبارەوە لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "بۆیە لەم کاتەدا زەقکردنەوەی ئەم بابەتە تەنیا بۆ ئەوە بووە تیشک نەخرێتە سەر بابەتی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە جەرگەی پایتەختی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، هێمای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تۆقاندن بوونە و ناکرێت لە ناوخۆی هەرێم، کەسانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان دەست بۆ تیرۆر ببەن."
 
نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 7-10-2022، لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا هاوکار عەبدوڵڵا گیانی لەدەستدا. ئەو رووداوە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر کرد.
 
لەبارەی ئەو رووداوەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیچ لایەنێکی تۆمەتبار نەکردووە و تەنیا ناوی چەند کەسێک براوە کە "دەبێت رادەستی دادگە بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش بە فەرمی نووسراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە سلێمانی کراوە. هەر لە سەرەتاوە گوتوومانە با لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش هەبێت و با لایەنی سێیەم، تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، بەشداری لە لێکۆلینەوەکە بکەن، بەڵام بەداخەوە، تائێستا وەڵامێک بۆ ئەم داواکارییە نییە. کەواتە کێشە داهات و دۆخی دارایی سلێمانی نییە، ئەوەی کە هەیە ئەوەیە، داوامان لێ دەکرێت کەیسی تیرۆری هاوکار جاف کپ بکرێت کە ئەمەشیان داواکارییەکی ناڕەوایە و نابێت هاووڵاتیيانی هەرێم  قبولی بکەن."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە کە "دۆخی ناوچەکە لێمان دەخوازێت کە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و بەهێزەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین" بۆ ئەو مەبەستە و "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە" لەم پێنج خاڵەدا پەیامەکەی کورت کردووەتەوە:
 
یەکەم: لەبارەی کەیسی تیرۆرکردنی هاوکار جاف کە هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە، داوا دەکەم، سەرەتا تۆمەتباران رادەستی دادگە بکرێن و ئینجا با لێژنەیەکی هاوبەش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە ئامادەبوونی لایەنی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان و یان هەر وڵاتێکی دۆست کە بخوازێت بەشدار ببێت، پێک بهێنرێت، تاکو هەرچی زووتر لیکۆڵینەوە لەگەڵیان دەست پێ بکرێت و ئەنجامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.
 
دووەم: لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، داوا دەکرا بابەتی لامەرکەزییەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لە داهات و خەرجی جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەو دەسەڵاتە شۆڕکرایەوە. ئێستا لە لایەن تیمی وزاریی یەکێتيی نیشتمانيی كوردستانەوە، داوا دەکرێت خەرجییەکان بکرێتەوە مەرکەزی، ئەگەر ئەمە داوا دەکرێت، پێویستە کۆکردنەوەی داهاتیش بکرێتەوە مەرکەزی و پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات بە تایبەت لە خاڵە سنوورییەکان، لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی چڕی مەرکەزی بێت. بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە هەبێت تاکو رێگە لە قاچاخچێتی و دەستبردن بۆ داهاتی دەروازە سنوورییەکان بگیرێت و پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە زۆر پێویستە.
 
سێیەم: پێویستە کۆسپ بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دروست نەکرێت. لەم کابینەیەدا، بە کردەوە هەنگاومان بۆ چاکسازی لە هێزی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەیان ناوە و دەبێت هێزی پێشمەرگە، ببێت بە هێزێکی نیشتیمانیی بەهێز بۆ بەرگری لە کیانی دەستووریی هەرێم و دوورخستنەوەی هەڕەشەکان، دوور لە ئەجێندای حیزبی و تاکەکەسی. 
 
چوارەم: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم، پێویستە هەرچی زووترە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی خۆی ساز بکات بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردن تاکو بە کردەوە هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن بنرێت و پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و ئێمە لە حکومەتی هەرێم ئامادەین هەموو پێداویستیيەکانی هەڵبژاردن لە زووترین کاتدا دابین بکەین.
 
پێنجەم: دەبێت لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت، وەک حیزب، پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بن و نابێت لە ناو حکومەت بن و رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن. پێویستە وەزیر و تیمە وەزارییەکانیش، جێبەجێکاری ئەجێندای حکومی بن و نابێت کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بگوازنە ناو حکومەت. دەبێت کێشە سیاسییەکان، لە دەرەوەی حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت نەک کاری حکومەت پەک بخەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەگوێرەى نووسراوەکە ئەو شەش کەسە ئاگادارکراونەتەوە، ئەگەر لە داهاتوودا ئەو کارە دووبارەبکەنەوە، رێوشوێنى یاسایى لە دژیان دەگیرێتەبەر.

لە کەرکووک شەش کارمەندی کورد بەهۆی پۆستێکی فەیسبووک سزادەدرێن

شەش کارمەندى کوردى کۆمپانیاى گازى باکوور لە کەرکووک بەتۆمەتى ئەوەى لایکیان لە پەیجێکى تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک کردووە، سزاى ئاگادارکردنەوە دەدرێن.