"پرۆژەیاسای چاکسازی ئامادەیە بۆ دەنگدان"

15-01-2020
سیروان عەباس
نیشانەکردن پرۆژەیاسای چاکسازی کوردستان
A+ A-
رووداو-هەولێر

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: پرۆژەیاسای چاکسازیی ئامادەیە بۆ خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدان، لە پرۆژە یاساکەشدا ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان پارێزراو دەبێت و مووچەی پلەباڵاش نابێ 50% زیاتربێت.
 
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆژەیاسای چاکسازی 100% ئامادەیە بۆ دەنگدان، لەم پرۆژەیەدا هەموو بڕیارە هەڵەکان دەربارەی دامەزراندن و خانەنشینکردن هەڵدەوەشێنەوە، هەر کەسێ بەدەر لەیاسا پلە و پۆستی وەرگرتبێت، لێی دەسەنرێتەوە، هەموو پاسەوانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبن و ئەوانیش بڕیاردەدەن کێ پاسەوانی هەبێ و چەندبن.
 
هێڤیدار ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، ماف و ئیمتییازاتی کەسوکاری شەهیدان 100% پارێزراودەبێت و هەر کەسێکیش تەنیا مووچەی زیندانی سیاسیی هەبێ تا هەتایە وەریدەگرێت، ئەوانەشی مووچەی خانەنشینیان کەمە مووچەکەیان بەرزدەبێتەوە.
 
لەبارەی مووچەی پلەباڵاکانیشەوە هێڤیدار ئەحمەد گوتی: چی دیکە خەڵک لە ماڵەوە ناهێنرێت بکرێتە راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی، هەرکەسێک 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، ئەو پۆستانەی پێ نادرێت، هەروەها هەر کەسێ بەناحەق زیاتر لە یەک مووچەی هەبێ لێی دەسەنرێتەوە و مووچەی پلە باڵا (سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی حکومەت، جێگرەکانییان، ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان) لە 80%ەوە کراوەتەوە بە 15% و نابێ لە 50% زیاتر وەربگرن.
 
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان گوتیشی:" یەکەم داهاتی ئەم پرۆژەیە بۆ بەرزکردنەوەی پلەی ئەوانەیە کە کەمترین مووچەی خانەنشینییان هەیە، ئەوانەی بە نایاسایی کراونەتە وەزیر، بریکاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی و راویژکار پلەکانیان لێ دەسەنرێتەوە".
 
بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێنیداوە ئەم یاسایە بەجیددی جێبەجێ بکات، هەروەها سندووقێکی خانەنشینی دادەمەزرێ و هەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی بە ناوی خانەنشینییەوە هەن، هەڵدەوەشێنرێنەوە و دەچنە ژێر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.
 
 
لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەیاساکە دوای پەسندکردنی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: "ئێمە لەسەر کاتەکان لەگەڵ پەرلەمان رێککەوتووین، 60 رۆژمان پێویستە بۆ ئەوەی 5 پەیڕەو دابنێین بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، چونکە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە پێویستی بە پەیڕەوە، 5 پەیڕەوی جیاوازی پێویستە 60 رۆژمان پێویستە لە حکومەت بۆ ئەوەی ئەو پەیڕەوانە دابنێین، دوای ئەوەی ئەو پەیڕەوانە دانران لەگەڵ پەرلەمان قسە دەکەین بۆ دانانی خشتە کاتییەکە، دواتر سێکتەر سێکتەر دەچینە سەر بابەتەکان و پشتیوان بە خودا دەستی پێدەکەین".
 
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی تێبینییەکانی سەر پرۆژەیاساکە گوتی: "پێکەوە رێککەوتووین کە تێبینییەکان هەمووی دابڕێژڕێتەوە، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، هەم بەندەو هەم وەزیری کاروباری پەرلەمانی راسپێردراوین بۆ ئەوەی لەگەڵ تیمی داڕشتنەوەدا بین. پشت بە خودا بڕیاروایە سبەی دەنگی لەسەر بدرێت. دڵنیاشم هەموو فراکسیۆنەکان لە ئاست گەورەیی ئەو بابەتەن، هەمووشیان بە بەرپرسیاریێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکەن".
 
سەبارەت بەو داهاتەی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە لە جێبەجێکردنی پرۆژەیاساکە، ئومێد سەباح گوتی: "ئەو پرۆژەیە 14 سێکتەر و بواری جیاجیا دەگرێتەوە، بۆیە تاوەکو نەکەوینە نێو جێبەجێکردنی ئەو یاسایە ناتوانین ژمارەکان بە وردی دەستنیشان بکەین کە چەند داهات بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام ئومێد دەکەین ئامانجی یەکەمی ئەو یاسایەش بەدیهێنانی دادپەروەرییە، بۆیە ئومێد دەکەین ئەو دادپەروەرییە بێتە دی لە هەموو ئەو سێکتەرانە".
 
بەگوتەی ئومێد سەباح "دوایین داڕشتنەوە کە کراوە لە پەرلەمان لەبارەی مووچەی خانەنیشتنی پلە باڵاکان 15%ی کۆی گشتی مووچەو دەرماڵەکان دەبێت، 1.5 بۆ هەر ساڵێکی خزمەت هەژمار دەکرێت، لە هەموو بارەکاندا نابێت لە 50%ی کۆی گشتی مووچەو دەرماڵەکان بێت، پێموایە ئەوە پێوەرێکە کە دەتوانین دادپەروەرییەک بهێنینە دی لەنێوان پلە باڵاکان و پلە ئاساییەکان لە وەزیفەی گشتی".
 
بودجەی کوردستان
 
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: "لەدوای رەزامەندی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارە هەفتەی داهاتوو بچینە پەرلەمان و دەرئەنجامەکانیش بۆ پەرلەمان باس بکەین، چونکە پرسی بودجە دوو لایەنەی داهات و خەرجییە، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان دەتوانین خەمڵاندن بۆ خەرجییەکان بکەین، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشێک لە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دێت، تاوەکو نەزانین ئەو بەشە چەندە و چۆنە، ناتوانین بە تەواوەتی ژمارەی راستەقینەی داهات دەستنیشان بکەین، بۆیە چاوەڕێی دەرئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەین کە لەگەڵ بەغدا دەکرێت، ئەو ژمارەمان بۆ روون ببێتەوە ئینجا بتوانین بودجەیەکی راستەقینە دابنێین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە