رووداو - هەولێر
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و رایگەیاند، وڵاتەكەی پشتیوانی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و هاوكاریی سیاسی و سەربازی و پەیوەندییە فەرهەنگی و ئابوورییەكانی لەگەڵ كوردستان پەرەپێدەدات و خوازیاری ئەوەیشە كە لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق بەشداربێت.
رۆژی سێشەممە 15-1-2019، لە سەلاحەدین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی راگەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە كەشوهەوای نوێ لە عێراق و ناوچەكە، ''پێزانینی بۆ قەربانیدانی گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هەبوو و جەختیشی لەوە كردەوە كە لەپێناو بەدیهاتنی سەقامگیری و دەرنەكەوتنەی تیرۆر لە عێراق پێویستە رێز لە پێكهاتەكانی دەوڵەتی عێراق و بە تایبەت رێز لە هەرێمی كوردستان و پێگە و كاریگەرییەكەی بگیرێت''.
![](https://www.rudaw.net/Library/Images/Uploaded%20Images/Rawchi/2019/q/z44.jpg)
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا راشیگەیاند، وڵاتەكەی لە پشتیوانی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و هاوكاریی سیاسی و سەربازی و پەیوەندییە فەرهەنگی و ئابوورییەكانی لەگەڵ كوردستان پەرە پێدەدات و خوازیاری ئەوەیشە كە لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق بەشداربێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە، سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسای كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكومەتی فەرەنسا و وەزیری دەرەوەی فەرەنسای كرد كە دۆست و پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و ئاماژەیشی بە سەردانی سەرۆك فرانسوا ئۆلاند بۆ كوردستان كرد كە لە كاتی تەنگانەدا سەردانی كوردستانی كرد و ئەوەی دووپاتكردەوە كە فەرەنسا دۆستێكی مەزنی گەلی كوردستانە.
![](https://www.rudaw.net/Library/Images/Uploaded%20Images/Rawchi/2019/q/z3.jpg)
لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا سەرۆك بارزانی رایگەیاند، كە خۆشحاڵە بەو پەیوەندییانە و هیچ سنوورێك بۆ دۆستایەتی و پەیوەندیی لەنێوان گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسادا نییە.
پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە، كەشوهەوایەكی نوێ و متمانە و بارودۆخێكی ئەرێنی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست كە ئەو گرفتانەی كە لەنێوان هەردوولا ماوەن لەڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن چارەسەربكرێت.
هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە راستە داعش لەڕووی سەربازی تێكشكاوە، بەڵام پێویستە ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش نەمێنن بۆ ئەوەی جارێكی تر داعش سەرهەڵنەداتەوە.
![](https://www.rudaw.net/Library/Images/Uploaded%20Images/Rawchi/2019/q/z44.jpg)
لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا هەردوولا نیگەرانییەكانی خۆیان نیشاندا و ئەوەیان دووپاتكردەوە كە پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناو سووریا نابێ ببێتە هۆی ئەوەی گەلی كورد و هاووڵاتیانی كورد لە سووریا باجەكەی بدەن.
پەیوەست بە بارودۆخی گەلی كورد لە سووریا و چارەسەركردنی گرفتەكان سەرۆك بارزانی بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی بۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خستەڕوو.
رۆژی دووشەممە، 14-1-2019 ژان ئیڤ لودریان، وەزیری ئەوروپا و پەیوەندییەکانی دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە بەغدا و دوای ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێکرا.
لە سەردانەکەی بۆ هەولێر، لودریان لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ