رووداو - هەولێر
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات و رایدەگەیێنێت "وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارماندا بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن لەم ناوچانە بکەین بەتایبەتی لە کەرکووک و شەرعیەت بە داگیرکاری نادەین".
رۆژی دووشەممە 15-1-2018، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک / گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و داوای لە جەماوەرەکەی دەکات بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە "پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەشوهەوایەکی ئازاد و ئاشتی بەڕێوەدەچێت، بۆئەوەی خەڵک بتوانێت بەویستی خۆی نوێنەرانی هەڵبژێرێت، ئێستا کەرکووک و تەواوت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر داگیرکاری سەربازی دایە و ناسەقامگیرە، بۆیە هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت لەم بارودۆخەدا".دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک / گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
جەماوەری کوردستانی بەشەرەف
خەڵکی کەرکووکی خۆڕاگر
پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەشوهەوایەکی ئازاد و ئاشتی بەڕێوەدەچێت، بۆئەوەی خەڵک بتوانێت بەویستی خۆی نوێنەرانی هەڵبژێرێت، ئێستا کەرکووک و تەواوت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر داگیرکاری سەربازی دایە و ناسەقامگیرە، بۆیە هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت لەم بارودۆخەدا، ئێمە بڕیارماندا وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن لەم ناوچانە بکەین بەتایبەتی لە کەرکووک و شەرعیەت بە داگیرکاری نادەین، بەڵام لەهەمان کاتدا جەماوەری خۆڕاگری گەلەکەمان بەگشتی و خەڵکی ئەم ناوچانە دڵنیادەکەینەوە کە سازش لەسەر ناسنامەی کوردستانی بوونیان ناکەین، داواش لە جەماوەری کورد پەروەردەکەین بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن کە ئەمە هەڵوێستێکە بەرامبەر ئەم داگیرکارییەی کە ئێستا بەرقەرارە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک / گەرمیان
پارتی دیموکراتی کوردستان
15-1-2018
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ