رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی نمەباران لە شارەکان و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان دەکات. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، شەو دەیبەستێت.
بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەرین، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە نمەباران و هەندێک کات بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری بەفر بارین هەیە.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە دەوروبەری هەولێر، هەڵەبجە و سلێمانی ئەگەری نمەباران هەیە و تاوەکو ئێوارە شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت، لەدوانیوەڕۆیشەوە پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
بە گوتەی ئەو کەشناسە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان لەدوای نیوەڕۆوە بەفر دەبارێت و ئەگەریش هەیە لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەمێک بەفر ببارێت، پلەکانی گەرماش بەدرێژایی ئەم هەفتەیە نزم دەبن و دەچێتە ژێر سفرەوە. هەروەها ئەگەری شەختەش لە شەودا هەیە و پێویستە هاونیشتمانیان و شۆفێران بەتایبەتی ئاگاداری خۆیان بن.
بەرزترین پلەی گەرمای شارەکان بۆ رۆژی یەکشەممە:
هەولێر: 11 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 9 پلەی سیلیزی
دهۆک: 10 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 13 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 11 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 10 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 1- پلەی سیلیزی
سۆران: 7 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 16 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ