نایلە و منداڵەکەی بۆ 'ژیانێکی خۆش' ویستیان بچنە ئەڵمانیا بەڵام تەرمەکانیان گەڕێندرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
تەرمی دوو قوربانیی دیکەی رێگەی کۆچ کە لە ئاوەکانی یۆنان گیانیان لەدەستدا، گەڕێندرانەوە بۆ ئیدارەی راپەڕین و لەوێ بە خاک سپێردران.
ئەو دوو کەسە دایکێک و منداڵێکی ساوای بوون و لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەم خنکابوون.
ئیسماعیل عەزیز، کەسوکاری ئەو دایک و منداڵەیە، دەڵێت: ''یەختەکە بۆ 15 کەس بووە، بەڵام 32 کەسی سەرخستووە، بەهۆیەوە وەرگەڕاوە و لە ترسی پۆلیس و قاچاخچی شۆفێرەکە خۆی بە گردێکدا کێشاوە، لە ئەنجامدا نووقم بووە و پێنج کەس مردوون، سێ کەسیان ئەفغانی و ئەوەی دیکەش خوارزاکەم و کچەکەیەتی.''
نایلە مستەفا، تەمەنی 36 ساڵان بوو و نوور کاوێزی منداڵی تەمەنی نۆ مانگ بوو. خەڵکی شارۆچکەی سەروچاوە و دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ بوون. بە گوتەی کەسوکارەکەیان، "بەهۆی بێکاری و بێ ماڵی، قەرزیان کردووە و لەگەڵ هاوژینەکەی بڕیاری کۆچکردنیان دابوو."
رەسوڵ مستەفا، برای نایلەیە، دەڵێت: ''زاواکەمان لە هیچ شوێنێک دانەمەزرابوو، مووچەخۆر نەبوو، گوتیان دەچین ژیانێکی خۆش بۆ خۆمان لە ئەورووپا دروست دەکەین، بە نیازی ئەڵمانیا بوون.''
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، ئەم ساڵ هەشت هەزار هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتان کۆچیان کردووە، 2500 کەسیان خەڵکی راپەڕین بوون.
چیرۆکەکانی کۆچکردنی هاونیشتمانییان بۆ وڵاتان رۆژ لەدوای رۆژ خەمناکتر و زیاتر دەبن، بە گوێرەی ئامارە بەردەستەکان، تەنیا لە ئەم ساڵدا 46 کەس لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆچکردنی نایاسایی گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە 16 کەسیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕین بوون و 12 کەسیشیان تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان لەنێو ئاوەکانی دەریای نێوەڕاست نەدۆزراوەتەوە و بێ گۆڕ و ناونیشانن.