مەزڵووم عەبدی: یەکێتیی نیشتمانیی کورد وەڵامی مەترسییەکانی ئەم قۆناخەیە
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) داوا دەکات لەم قۆناخەی دوای رژێمی بەشار ئەسەد، لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا یەکگرتوو بن و، "دوور لە بەرژەوەندییە حیزبییەکان" کار بکەن، لە کاتێکدا لایەنەکانی سووریا هەوڵدەدەن داهاتووی وڵاتەکە دیاریبکەن.
فەرماندە کوردەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئەمشەو (شەممە، 14-12-2024) دەڵێت، "یەکێتیی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بووەتە پێویستییەکی مێژوویی و بۆ وەڵامدانەوەی مەترسییەکانی ئەم قۆناخە."
مەزڵووم عەبدی داواشی لە لایەنە کوردییەکان کرد "خۆیان لە بەرژەوەندیی حیزبی بەدووربگرن و بەشێوەیەکی ئەرێنی، بەدەم بانگەوازە میلییەکان بۆ گفتوگۆ و یەکخستنی هەڵوێستەوە بڕۆن."
لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە نێوماڵێکی پەرتەوازەوە خۆیان لەبەردەم وەرچەرخانی مێژوویی سووریادا دەبیننەوە، دوای ئەوەی یەکشەممەی رابردوو لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنرا، کە لەژێر سایەیدا کورد لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەشکرابوو.
مەزڵووم عەبدی داوا لە هەموو لایەک دەکات "مامەڵەی ئەرێنییان لەگەڵ هەوڵەکانی ئێستا بۆ بەدیهێنانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد هەبێت، بۆ ئەوەی بگەنە هەڵوێستێکی پشتیوانیکار لە گفتوگۆی سووری و بەشداریکردن لە بنیاتنانی داهاتووی سووریایەکی دیموکراتیی فرەڕەنگ."
پارتە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون:
بەرەیەکیان ئەوانەن کە پێکهێنەر و هاوپەیمانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریان و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەک بە ناوی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) کۆبوونەتەوە.
بەرەیەکی دیکەیان لە پارتەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە پێکدێت کە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریان و لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن. ئەو پارتانە هاوپەیمانییەکیان لەژێر ناونیشانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) پێکهێنراوە.
رۆژی هەینی، شاندێکی ئەمریکی - فەرەنسی بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان بوو.
هەمان رۆژ، نەشئەت زازا، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە تربەسپی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، رایگەیاند "فەرەنسییەکان داوای ئەوە دەکەن رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان پەیەنەکە و ئەنەکەسەدا بکرێت و کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن شاندێکی هاوبەش پێکبهێنن" و، بەو شێوەیە لە گفتوگۆکانی سووریادا بەشداربن.
دیالۆگی کوردی - کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، کە سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـوە گفتوگۆکانیان راگیراون.
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، گرنگیی دیالۆگی کوردی - کوردی بۆ یەکگرتوویی کورد لە داهاتووی سیاسیی سووریا، چەند هێندە زیاتر بووە. نەشئەت زازا ئاماژەی دا، ''شاندی فەرەنسی دەیەوێت بزانێت ئەنەکەسە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی کوردی یان نا."
وەک نەشئەت زازا گوتی، ناکۆکیی سەرەکییان لەگەڵ پەیەنەکە، پەیوەستە بە هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، ''دەمانەوێت پەکەکە ئەم ناوچانە چۆڵ بکات، چونکە ئاستەنگیی بۆ خەڵکی ئێمە دروست کردووە."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی لە تربەسپی، دەرچوونی پەکەکە لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، یەکێک لە مەرجەکانی ئەنەکەسەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ پەیەنەکە، بەر لەوەی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا پێکبهێنرێت.