دەستەی ئامار: 99.5٪ـی کارەکانی سەرژمێری تەواو بوون


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی سەرژمێری سەرکەوتوو بووە و 99.5٪ـی کارەکانی تەواو بوون. ئەمشەو سەرژمێری تەواو دەبێت و هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی کاتەکەی.
 
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 12:00ـی ئەمشەو خۆکارانە هەموو ئامێرەکانی سەرژمێری لەکار دەکەون و ئیتر هیچ زانیارییەکی دیکە تۆمار ناکرێت و پڕۆسەکە کۆتایی دێت."
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری گوتی، "99.5٪ـی کارەکانی سەرژمێری تەواو بوون، هیچ بڕیارێک نییە کاتەکەی درێژکرێتەوە، چونکە ئێمە دڵنیاین لە بەرنامەی خۆمان و هیچ شوێنێکمان جێنەهێشتووە."
 
مەحموود عوسمان پڕۆسەکە بە سەرکەوتوو دادەنێت و دەڵێت، "لە 2019ـەوە ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەم سەرژمێرییە، بۆیە زۆر باش خۆمان ئامادەکردبوو، ئەوەی ترسمان لێی هەبوو ئەوەبوو کە هاووڵاتییان هاوکار نەبن لەگەڵمان، بەڵام لەم پڕۆسەیە بۆمان دەرکەوت کە خەڵكی کوردستان چەند تێگەیشتوو و رۆشنبیرن."
 
سەبارەت بە کێشەکانی سەرژمێری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری گوتی، "لە پڕۆسەیەکی وا گەورە کێشەی بچووک هەر دەبێت، بە هەزارەها خێزان پەیوەندییان پێوەکردووین کە تیمەکان سەردانیان نەکردوون یان پرسیارێک نەکراوە، ئێمە بە زووترین کات چارەمان کردووە."
 
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22-11-2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتی کرا، تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمارکرا، بڕیارە تاوەکو ئەمشەو تەواوی فۆرمی تۆماری خێزان پڕبکرێتەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە خێزانەکان دەکرێت.