کەی خانەنشینانی پێش ساڵی 2014 مووچەکەیان هاوتا دەکرێت؟

رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا مووچەی ئەو خانەنشینانەی پێش 2014 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون، هاوتای خانەشینانی عێراق نەکراوە. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، داوای دۆسیەی خانەنشینانی پێش 2014 کراوە و کارەکانی هاوتاکردنیان دەستپێدەکات.
 
مانگی تەممووزی 2024، بۆ یەکەمجار خانەنشینانی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە هاوتاکراوی وەکو خانەنشینانی عێراق مووچەیان وەرگرت، بەڵام ئەوە خانەنشینانی پێش 2014ـی نەگرتەوە.
 
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، (14-12-2024)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتا کاتێک یاسای خانەنشینیی عێراق لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، بەوشێوەیە بڵاوکرایەوە کە یاساکە ساڵی 2014 دەرکراوە و تەنیا خانەنشینانی دوای ئەو رێککەوتە دەگرێتەوە، بەڵام بەدواداچوون کرا و دەرکەوت لە عێراق تەواوی خانەنشینان دەگرێتەوە نەوەکو ساڵێکی دیاریکراو".
 
گوتەبێژی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینیی لە هەرێمی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە، کار لە دۆسیەی تەواوی خانەنشینانی پێش ساڵی 2014دا بکەن بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتووەوە مووچەکانی ئەوانیش هاوتا بکرێت.
 
سادق شێخ عوسمان گوتیشی: "بەشێکی خانەنشینانی پێش ساڵی 2014 سوودمەند بوونە لە هاوتاکردنی مووچەکانیان، ئەوانەش ئەو بەشە بوون کە مووچەیان کەمتر بوو لە 500 هەزار و هاوشێوەی خانەنشینانی دوای ساڵی 2014 هەر ئەوکات مووچەکەیان کرایە 600 هەزار دینار".
 
ژمارەی ئەو خانەنشینە شارستانییانەی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئەمڕۆ مووچەکانیان هاوتا نەکراوە دیار نییە، سادق شێخ عوسمان دەڵێت: "زۆرنین و چەند هەزار کەسێکن".
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەمموزی ئەمساڵ جێبەجێ نەکرا.
 
پێشتر کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار بوو. بەگوێرەی یاساکە، کەمترینی بووەتە 500 هەزار دینار، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە.
 
بەگوێرەی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینار بوو، دوای هاوتاکردن لانیکەم بووە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و بەشێکیشیان بووە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی شارستانیی هەن. هەروەها نزیکەی 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن کە تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی ئەوانیش هاوتا نەکراوە.