14,500 خانوو لە شنگال تاپۆ دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، 14 هەزار و 500 خانوو لە شنگال تاپۆ دەکرێن.
 
د. خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردی ئێزدی، رۆژی 14-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، تاپۆکردنی ئەو خانووانە لە شنگال لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانە.
 
راوێژکارەکەی سوودانی گوتی، لە سەردەمی رژێمی بەعس، لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و پاکتاوکردنی ناوچەکە، رێگە بە کوردانی ئێزدی نەدراوە، زەوی  و خانووەکانیان بەناو بکەن، ئەوەش گرفتێکی گەورەی بۆ ئێزدییەکان دروستکردبوو.
 
بەگوتەی راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران عێراق، بە دەرچوونی ئەو بڕیارە، زیاتر لە 14 هەزار و 500 خانوو لە شنگال تاپۆ دەکرێن و بەناوی خاوەکانیان دەکرێت، ئێستاش پرۆسەی بەناوکردن و دەرکردنی تاپۆ دەستی پێکردووە و بەردەوامە. 
 
لە ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال لە سنووری پارێزگای نەینەوا و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بردە بەر شارەکانی هەرێمى کوردستان. رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال کرد و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند.
 
بەگوێرەى ئامارێکى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆى هێرشی داعش و داگیرکردنى قەزاى شنگالەوە 80%ـی ژێرخانى قەزاکە و 70%ـی خانووەکانى رووخاون.
 
بەگوتەی عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵ زیاتر لە 10 هەزار ئاوارەی شنگال لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و پرۆسەی گەڕانەوەش بەردەوامە.