رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانی سنوورەکە بۆ ناوچەکانیان بەردەوامە و نزیکەی 2500 خێزان گەڕاونەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 200 کەس لەوانەی گەڕاونەتەوە لە عەفرین دەستگیرکراون و داوای پارەیان لێدەکرێت.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین ئەمڕۆ شەممە 14-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان بۆ عەفرین و دەوروبەری رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 2500 خێزان گەڕاونەتەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین ئاماژەی بەوە دەکات، ئەو هاونیشتمانییانەی دوای رووداوەکانی سووریا لە تل رەفعەت و شەهباوە دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە عەفرین لەلایەن حکومەتی خۆجێی شارەکە و گرووپە چەکدارەکانەوە کێشەیان بۆ دروست دەکرێت.
ئەحمەد حەسەن گوتی: "لەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە زیاتر لە 200 پیاویان دەستگیرکراون؛ ئەویش بەو تۆمەتەی گوایە پێشتر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کاریان کردووە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی: "ئەوانەی دەستگیر دەکرێن بەشێکیان دراونەتە دادگە، لەوێ سزای مادی دەدرێن لە 500 بۆ 700 دۆلاریان لێ دەسەندرێت و دواتر ئازاد دەکرێن".
ئەحمەد حەسەن دەڵێت، هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون لەلایەن حکومەتی خۆجێی عەفرینەوە نەبووە و بەشێکیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیر کراون.
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین باس لەوە دەکات، هەر خێزان یان کەسێک لە سنووری عەفرین دەستگیر بکرێت، ئەنجوومەنی خۆجێی عەفرین هاوکاریی دەکات. ئەحمەد حەسەن گوتی: "دوێنێ لە گوندی برچقاس ژن و مێردێک دەستگیرکرابوون و داوای پێنج هەزار دۆلاریان لێدەکرا، ئەنجوومەنەکەمان دەستوەردانی کرد و بێ پارە ئازاد کران".
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە کە خۆی لە عەفرینە، بەشێکی ئەوانەی دەستگیر دەکرێن نادرێنە دادگە و دوور لە دادگەکان بە هەزار بۆ دوو هەزار دۆلار ئازاد دەکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ عەرەبە هاوردەکانی عەفرین نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان کە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی سووریان، هەر بۆیە ئەو هاونیشتمانیانەی گەڕاونەتەوە عەفرین لەنێو ماڵی کەسوکاریاندا دەژین و چاوەڕوانی چۆڵکردنی خانووەکانیانن.
8ـی ئەم مانگە دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە هێنا.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دیمەشقدا، گرووپە چەکدارە سوپای نیشتمانی سووریا هەردوو ناوچەی شەهبا و منبجیان کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)بوو، ئەوە وایکرد خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە کە زۆرینەیان هاونیشتمانی عەفرین بوون و لە ئاوارەییدا بوون جارێکی دیکە بەشێکیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بنەوە و بەشیکیشیان گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ