راگەیێندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هاوبەشییەکەیان لەگەڵ رووداو بۆ راهێنانی ژنانی رۆژنامەڤان

14-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن تۆڕی میدیایی رووداو نەتەوە یەکگرتووەکان
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو بەفەرمی هاوبەشییەکیان بۆ دەستپێکردنی پڕۆگرامێکی تایبەت بە راهێنانی ژنان لە بواری میدیا و رۆژنامەگەری لە سەرانسەری عێراق راگەیاندووە.
 
هاوبەشییەکە رۆژی 7-12-2023 لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر راگەیێندرا و بۆ ماوەی 12 مانگ بەردەوام دەبێت. 
 
هاوبەشییەکە بە ئامادەبوونی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو و گارێکت هایراپێتیان، جێگری نوێنەری UNFPA واژۆکرا. نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی رێککەوتنەکەوە دەڵێت "هاوئاهەنگییەکی بەرچاوی نێوان دامەزراوەیەکی راگەیاندن و ئاژانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق."
 
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەکاتی راگەیاندنی هاوبەشییەکەدا گوتی "بەپێی دوایین ئاماری خەمڵێندراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە ئەمڕۆ دراوەتە رووداو، ژمارەی دانیشتووانی عێراق 43 ملیۆن و 324 هەزار کەسە، کە 49.5% لە رەگەزی مێن و 50.5% لە رەگەزی نێرن، بەڵام هێشتا ئەو رێژەیە لەنێو بوارەکانی ژیان و کارکردندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق رەنگینەداوەتەوە. زۆربوونی رۆژنامەڤانی چالاکی ژن دەتوانێت نموونەی زۆر گرنگ و هاندەربێت بۆ زیاتر هاتنەپێشەوەی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر کێشە و سەرکەوتنەکانی ژنان ببنە مژاری راگەیاندن و رای گشتی و پشتیوانی بۆ دروست ببێت. لەبەرئەوە ئەم هاوبەشییەمان هەنگاوێکی گرنگە لەسەر رێگەیەکی راست بۆ یەکسانی لە کۆمەڵگە و بوارێکی گرنگی کاردا."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هاوبەشییەکەی بە "پڕۆژەی بنەماکانی رۆژنامەگەری" ناوبردووە و دەڵێت "پرۆژەکە هەوڵدەدات ئەو ژنانەی ئارەزووی کاری رۆژنامەگەرییان هەیە، پەروەردە بکات و بەهێزتریان بکات؛ پڕۆژەکە چارەسەری ئاڵنگارییە بنەڕەتییەکان لە رۆژنامەگەری هاوچەرخدا دەکات. پڕۆژەکە توانای لێکۆڵینەوەی ژنان، کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری دروست و متمانەپێکراو، بەتایبەت لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان زیاتر دەکات."
 
گارێکت هایراپێتیان، جێگری نوێنەری UNFPA باس لەکاتی راگەیاندنی هاوبەشییەکەدا رایگەیاند "ئەم هاوبەشییە گرنگە لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان ئەوەیە؛ ژنان و کچان بێنە نێو کاری رۆژنامەگەرییەوە و فێر بن بە ئەکادیمیانە کاری رۆژنامەڤانی بکەن. دووەمیان ئەوان کێشە گرنگەکانی پەیوەست بە کۆمەڵگە باس بکەن و رۆڵی پیاو و ژن دیاری بکەن."
 
لە راگەیێندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەشکراوە، "بە گرنگیدان بە پەرەپێدانی تواناکانی رۆژنامەگەری، پەرەپێدانی راپۆرتی ئەخلاقی و پێشوازیکردن لە سەردەمی دیجیتاڵی، پڕۆژەکە پردێک لە بۆشایی زانیاری پڕدەکاتەوە و بەشداربووان بەو ئامرازانە توانادار دەکات، کە پێویستیانە بۆ ئەوەی ببنە رۆژنامەڤانی پیشەیی."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت "ئەو هاوبەشییە پێشکەوتووە هاوئاهەنگییەکی سەرەکییە کە نەتەوە یەکگرتووەکان، کەرتی تایبەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەوڵێکی یەکگرتوودا کۆدەکاتەوە و ئامانجیشی زیادکردنی دەنگی ژنانە لە میدیادا."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی راگەیاندووە، قۆناخی یەکەمی هاوبەشییەکە لەلایەن کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراقەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت و دەشڵێت، "کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق جەخت لە پابەندبوون بۆ زیادکردنی نوێنەرایەتی ژنان لە بواری رۆژنامەڤانیدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکاتەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە.

مەزڵووم عەبدی: بە تووندترین شێوە هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەڵمانیا سەرکۆنە دەکەین

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردووی بازاڕێکی کریسمسی ئەڵمانیا دەکات کە بووە هۆی کوژرانی 5 کەس و برینداربوونی سەرووی 200ـی دیکە.