سەرۆكی پەرلەمان هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان یەكێتی ‌و پارتی دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای‏ دەكات، رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ ‏دروستكردنی نێوەندگیری نێوان یەكێتی ‌و پارتی. 
 
رۆژی چوارشەممە 14-12-2022، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی ‏كوردستان باسی لە هەوڵەکانی رێواز فایەق بۆ نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و راگەیاند، "ماوەیەكە سەرۆكی پەرلەمان ئەو هەوڵەی هەیە ‏تاوەكو ئێستاش لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا ‏دانیشتنی بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان ‌و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ‏نێوانیان بكرێت." 
 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی بە دووری دە‏زانێت تاوەكو كێشەكانی یەكێتی ‌و پارتی چارەسەر نەبن دانیشتنی ‏پەرلەمانی كوردستان بكرێت ‌و دەڵێت: "تاوەكو دۆخەكە لەنێوان ‏یەكێتی ‌و پارتی هێور نەبێتەوە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ‏بەدوور دەبینم، هەر بۆیە ئەم هەفتەیەش كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكرا ‏لەكاتێكدا پڕۆژەیاسای كار كە یاسایەكی زۆر گرنگ بوو ئامادەبوو بۆ ‏دەنگدان ‌و تێپەڕاندنی."  
 
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری بۆ مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی 2022ی بۆ هەرێمی کوردستان دەرکرد. دوای ئەوە راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە هۆی ئەوەی تیمی وەزاریی یەکێتی راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە و دوای ئەویش تیمی وەزاریی پارتی وەڵامی تیمی وەزاریی یەکێتی بداتەوە. ئەوەش كێشەكانی نێوان ئەو دوو حیزبەی ‏هێندەی دیكە قوڵكردەوە.