رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ دروستكردنی نێوەندگیری نێوان یەكێتی و پارتی.
رۆژی چوارشەممە 14-12-2022، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان باسی لە هەوڵەکانی رێواز فایەق بۆ نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و راگەیاند، "ماوەیەكە سەرۆكی پەرلەمان ئەو هەوڵەی هەیە تاوەكو ئێستاش لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا دانیشتنی بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان بكرێت."
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی بە دووری دەزانێت تاوەكو كێشەكانی یەكێتی و پارتی چارەسەر نەبن دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت و دەڵێت: "تاوەكو دۆخەكە لەنێوان یەكێتی و پارتی هێور نەبێتەوە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەدوور دەبینم، هەر بۆیە ئەم هەفتەیەش كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكرا لەكاتێكدا پڕۆژەیاسای كار كە یاسایەكی زۆر گرنگ بوو ئامادەبوو بۆ دەنگدان و تێپەڕاندنی."
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری بۆ مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی 2022ی بۆ هەرێمی کوردستان دەرکرد. دوای ئەوە راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە هۆی ئەوەی تیمی وەزاریی یەکێتی راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە و دوای ئەویش تیمی وەزاریی پارتی وەڵامی تیمی وەزاریی یەکێتی بداتەوە. ئەوەش كێشەكانی نێوان ئەو دوو حیزبەی هێندەی دیكە قوڵكردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ