CPT: قوربانییانی تۆپباران و بۆردوومانەکانی ئێران و تورکیا قەرەبوو دەکرێنەوە

14-12-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی تیمی کوردستانیی عێراقی لە رێکخراوی ئاشتیی جیهانیی ئەمریکی (CPT) رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی ناوی قوربانییانی تۆپباران و بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانن لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەیان. دەشڵێت: "لە مانگی ئابی 2015وە تاوەکو ئەمڕۆ، 150 کەس بەوهۆیەوە شەهیدبوون و 250 کەسیش بریندار بوون."
 
رۆژی چوارشەممە، 14-12-2022، کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانیی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەلایەن خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق و لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران راسپێردراوین بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر قوربانییانی تۆپباران و بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەیان و سەرەتا تەنیا زیانە گیانییەکان دەبێت، واتە ئەوانەی شەهید و برینداربوون."
 
کامەران عوسمان ئاشکرای کرد، هەفتەیەکە دەستیان بە کۆکردنەوەی ئامار و داتا لەبارەی زیانەکانی بۆردوومان و تۆپبارانەکان کردووە و لە ماوەی چوار مانگدا سەرجەم داتا و ئامارەکان کۆدەکەنەوە.
 
ئەندامی تیمی کوردستانیی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی گوتیشی: "سەرجەم شەهیدەکان ئەوانەی بەکردەیی قوربانین تۆماردەکەین و بەڵگەنامەی مردنیان و هەموو بەڵگەکان کۆدەکەینەوە، هەروەها بریندارەکانیش هەموویان ئەوانەی بەکردەیی برینداربوون یان زیانیان پێگەیشتووە، ئەوانەش تۆماردەکەین."
 
کامەران عوسمان روونیکردەوە، کەسی وا هەیە ساچمە لە گیانی هەیەو ناتوانێت تەنانەت لە ئامێری پشکنینی فڕۆکەخانەکانیش بڕوات و بۆ ئەوەش پێویستی بە بەڵگەنامە و ناسنامەیە، هەموو ئەوانە رێکدەخەنەوە، یان کەسی وا هەیە بەهۆی دەنگی فڕۆکەوە وەکو ئەوەی لە شیلادزێ روویدا گوێیەکی زیانی بەرکەوتووە یان جەڵتە لێیداوە.
 
ئەو ئەندامەی تیمی کوردستانیی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی باسی لەوەش کرد: "هەموو ئەوانە ناسنامەی شەهیدی نیشتمانییان بۆ دەردەهێنرێت و لە رێگەی مەحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە دوای تەواوبوونی لە پەرلەمان بخرێتەڕوو و، دەنگی بۆ بدرێت و ئەو قوربانییانە قەرەبوو بکرێنەوە."
 
سەبارەت بەو کەسانەی قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەو ئەندامەی رێکخراوە ئەمریکییەکە گوتی: "قوربانییان ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە کەمپەکاندا برینداربوون و سڤیلن و کەسانێکن لە هەرێمی کوردستان دادەنیشن، بە کەمپەکانی رۆژهەڵات و مەخمووریشەوە کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژهەڵات و باکوور [باکووری کوردستان]، هێشتا بڕی قەربووەکەش دیارینەکراوە و دواتر پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەبارەوە دەدات."
 
بەپێی بەدواداچوونی پەرلەمانی عێراق، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 23 هەزار پێشێلكاری لە لایەن ئێران و تورکیاوە بۆ سەرخاکی عێراق کراون کە لە هێرشەکانیاندا درۆن بەکارهێندراون و تۆپباران و مووشەک ئاراستە کراون، هێرشەکانیش سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستان بوون.
 
کامەران عوسمان ئاشکرای کرد، لە مانگی ئابی 2015وە تاوەکو ئێستا، 150 کەس بەهۆی بۆردوومانەکان و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران گیانیان لەدەستداوە و 250 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیاڤان عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک

ئاماری دهۆک: ئەمڕۆ 100٪ـی خێزانەکان لە سەرژمێریدا تۆمار دەکرێن

پڕۆسەی تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریدا بەردەوامە، بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک دەڵێت: ''ئەمڕۆ پڕۆسەکە تەواو دەبێت و ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بژمێرەکان سەردانی خێزانێکیان نەکرد، پێویستە پەیوەندیمان پێوە بکەن".