چیرۆکی دوو هاوژینەکەی خەلیفان؛ سۆپاکەیان نەوتی تێدا نەماوە و بەو هۆیەوە خنکاون

14-12-2022
بەختیار قادر
بەختیار قادر
وێنەی دوو هاوژینەکە
وێنەی دوو هاوژینەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو لە خەلیفان بەهۆی سۆپای نەوتەوە دوو هاوژین لە شیرینیی خەودا گیانیان لەدەستدا. مستەفا حەمەدەمین لەدایکبووی 1941 و زوڵێخا مستەفای هاوژینی کە تەمەنی 81 ساڵ بوو، بەهۆی غازی سۆپاکەوە خنکان. 
 
تاوەکو کاژێر 12:15ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-12-2022، کەسوکارەکەیان نەیانزانیوە کە ئەو دوو هاوژینە گیانیان لەدەستداوە. نەرمین ئەنوەر، خوارزای مستەفا حەمەدەمین بە رووداوی گوت، "باپیرەکەم لێرە درێژ ببوو و، داپیرەشمان لێرە. هەردووکیان لەسەر جێگەکانیان بوون. ئەو ژوورەش هەمووی دووکەڵ بوو، پیاوەکەم دەرگەکەی شکاند تاوەکو هاتینە ژوورەوە و گوتیان وەرن هەردووکیان بە سۆپا کەوتوون."
 
رێژین شێخ، بووکی مستەفا حەمەدەمین دەڵێت، "[گیان لەدەستدانەکەیان بەهۆی] غازی سۆپاوە بوو، [بەهۆی] غازاتەوە نەتدەتوانی بێیتە ژوورەکەوە کە دەهاتی تەنگەنەفەس دەبووی."
 
ژن و پیاوەکە سێ کوڕ و کچێکیان هەن، یەکێک لە کوڕەکان دراوسێیانە. ساریا حەسەن، برازای مستەفا حەمەدەمین باسی لەوە کرد، "بە تەنها نەدەژیان، کوڕەکەی دراوسێیانە و ئەو نان و خواردنی بۆدەهێنان، دوێنێ چووبوونە سلێمانی منداڵێکیان نەخۆش بوو و، بردوویانە دکتۆر، کاژێر 12ـی شەو هاتبوونەوە و بۆیان نەکرابوو سەرێکیان لێ بدەن. ئەوانە مام و مامۆژنی منن."
 
زۆربەی خەڵکی خەلیفان بەشدارییان لە بە خاک سپاردنی تەرمی ئەو دوو هاوژینە کرد. حەمەدەمین مستەفا، کوڕی ژن و پیاوەکەیە و دەڵێت، "ئاوم بەردەداوە و دابەشم دەکرد، ئەوڕۆ ئاگام لێیان نەبوو، دەنا هەموو بەیانییان دەمدیت کە لە مزگەوت دەگەڕایەوە و لە لای ماڵ دەمبینی.."
 
لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیسی خەلیفان دەرکەوتووە کە سۆپا نەوتییەکە، نەوتی تێدا نەمابوو و، بەوهۆیەوە ئۆکسجین لە ژوورەکەدا نەماوە و هەردوو هاوژینەکە خنکاون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە