بەرەی تورکمانی: بەمنزیکانە دەستپێشخەرییەکمان بۆ پارتی و یەکێتی دەبێت

14-12-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەمنزیکانە دەستپێشخەرییەکیان بۆ یەکێتی و پارتی دەبێت لەپێناو گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. دەشڵێت: "کێشەکانی هەردوو حیزب کاردانەوەی لەسەر کارەکانی حکومەت و پەرلەمانیش هەیە و ئێمە وەکو پێکهاتەکان نامانەوێت ببینە لایەنگیر لەو مشتومڕانە و دەمانەوێت رۆڵی چاکەمان هەبێت." 
 
رۆژی چوارشەممە، 14-12-2022، هیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر خەڵک و کارەکانی حکومەت و پەرلەمان. هەر بەو هۆیەوە دانیشتنی پەرلەمانیش ناکرێت، ئەم دۆخە مەترسیی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت."
 
هیمداد سەباح گوتیشی: "ئێمە لەنزیکترین کاتدا لەگەڵ هەردوولا قسە دەکەینەوە و دەمانەوێت دابنیشن و دەست بە گفتوگۆ بکەن، چونکە ئەم ناکۆکییانە کاریگەریی خراپی لەسەر هەموو جومگەکان داناوە و نابێت بەردەوام بێت، ئێمە ئامادەین هەموو شتێک بکەین لەپێناو چارەسەری کێشەکانی ئەو دوو لایەنە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بڵاوکردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە: "دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان باش نییە، پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی خراپ، لایەنێکی سەرەکی پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستان کارەکانی وەستاندووە، بژێویی ژیانی خەڵکەکەمان وەکو پێویست نییە، ئەوە جگە لەوەی هێشتا ئاسۆیەک نییە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند چارەسەر بکات، بەتایبەت ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کە خۆی لە مووچەی مووچەخۆران و بەشە دەرمان و پارەی جووتیارانی هەرێم دەبینێتەوە."
 
فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە راگێیندراوەکەیدا دەڵێت، وەک هەستکردنیان بە "بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، ئەخلاقی، مێژووی و کاری پێکەوەژیانی" پەیام و داواکاریی خۆیان دەگەیێننە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە گەورەترین و سەرەکیتیرین دوو هێزی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستانن و "دەرگەی گفتوگۆ و دانوستاندن دانەخەن و لەڕێگەی دانیشتنی راستەوخۆ لەژێر چەتری سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، بەشێک لە کێشە ئیداری، سیاسی و ئابووری نێوانیان چارەسەربکەن."
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەی 11 مانگ دەبێت ناکۆکییان هەیە و دوای کەیسی "تیرۆرکردنی هاوکار جاف" لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، ئەو دوو حیزبە نێوانیان خراپتربوو و لە 26ـی ئۆکتۆبەرەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە وەزیرەکانی حکومەت بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکەن، هەروەها لەم هەفتەیەوە تیمی یەکێتی بایکۆتی سەرجەم چالاکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە