لە خەلیفان بەهۆی سۆپای نەوتەوە ژن و مێردێک گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە خەلیفان بەهۆی دووکەڵی و گازی سۆپای نەوتەوە ژن و مێرێک گیانیان لەدەستدا. بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفانیش دەڵێت: "ئەو ژن و مێردە تەمەنیان سەرووی 80 ساڵە و بە تەنیا دەژیان." 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-12-2022، مەغدید عەریف ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو ژن و مێردە کەسوکار و منداڵەکانی خۆیان دراوسێیان بوون، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەوروبەری نیوەڕۆ سەردانیان کردوون، دەبینن گیانیان لەدەستداوە." 
 
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان دەشڵێت، تەمەنیان سەرووی 80 ساڵە و بەتەنیا ژیاون، بەهۆی دووکەڵی سۆپای نەوتەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
مەخدید عەریف ئەحمەد گوتیشی، تەرمەکانیان گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و لەوێش ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە ئەوان بەهۆی گاز و دووکەڵی سۆپای نەوتەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان ئاماژەی بەوەش کرد، پیاوەکە ناوی مستەفا حەمەد ئەمین و هاوژینەکەی ناوی زولێخاق مستەفا ئەبوبەکرە.