بە گوژمەی حەوت ملیۆن دۆلار هێڵێکی کارەبا لە هەولێرەوە بۆ ئیدارەی سۆران رادەکێشرێت

14-12-2021
بەختیار قادر
بەختیار قادر
چەند کرێکارێک لەکاتی کارکردن لەو هێڵەی کارەبا کە لە هەولێرەوە بۆ سۆران رادەکێشرێت. وێنە: رووداو
چەند کرێکارێک لەکاتی کارکردن لەو هێڵەی کارەبا کە لە هەولێرەوە بۆ سۆران رادەکێشرێت. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سۆران

هێڵی کارەبا لە خەرەندی رواندز رادەکێشرێت، کە یەکێکە لە ئەستەمترین ناوچەکانی باشووری کوردستان، بەرزییەکەی نزیکەی کیلۆمەترێکە و پانییەکەشی کە دەبێت کرێکارەکان لێی بپەڕنەوە، 480 مەترە، واتە نزیکەی نیو کیلۆمەترە.
 
کاری کارمەندەکان بەستنەوەی وێستگەی کارەبای سۆرانە بە هەولێرەوە، خەرەند نزیکترین شوێن و کەمترین تێچووی هەبووە. لە زەوی و ئاسمانەوە چاودێریی سەلامەتیی کرێکارەکان دەکرێت. کرێکارەکان خەڵکی تورکیان و کارمەندی کۆمپانیایەکی ناوخۆن، لە زۆر وڵات کاریان کردووە، بەڵام خەرەند پڕ مەترسیترین شوێنیان بووە.
 
ئیسماعیل حاجی، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە دەڵێت، "یەکەمین جارە تووشی شوێنێکی ئاوا سەخت بێین و سوپاس بۆ خودا توانیشمان بە سەرکەوتوویی کارەکە بکەین".
 
هێڵی دووەمە لە هەولێرەوە دەگاتە ئیدارەی سۆران، چیدی نۆرەی کارەبا نامێنێت و ڤۆڵتیەی تەواو دەگاتە سنوورەکە. گوژمەی پرۆژەکە حەوت ملیۆن دۆلارە، 180 رۆژە ئەم تیمە کار دەکەن و پەڕینەوەی هێڵەکان لە خەرەند دواهەمین قۆناخی کارەکانیان بوو.
 
فەیسەڵ حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سۆران ئاماژە بەوە دەکات، "لە کاتی هەر رووداوێکی سرووشتی بۆ چەند رۆژێک تەزووی کارەبا لە سنوورەکەدا نەدەما و بە تەواوبوونی ئەم هێڵە چیدیکە مەحتەل نابین و ڤۆڵتیەی تەواویش دەگاتە ناوچەکە و نۆرە لە کارەبا نامێنێت کە پێشتر نەماندەتوانی لە یەک کاتدا هەر چوار قەزاکە رووناک بکەین".
 
تەزووی کارەبا لە سایەی ئەم هێڵەوە لە سنووری ئیدارەی سۆران لە 200 مێگاواتەوە دەبێتە 340 مێگاوات کارەبا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە