کوردستان
گۆڕی ئافرەتێکی بێناسنامە، کە لەلایەن شارەوانییەوە لە گۆڕستانی کەسنەزان نێژراوە. وێنە: ساڵح قادر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەشی جێندەر لە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی هەر ئافرەتێک بکوژرێت دەبێت هەموو پشکنینێکی بۆ بکرێت بۆ دۆزینەوەی ناسنامەکەی و نابێت ئەو ئافرەتانەی دەکوژرێن بەبێ ناسنامە هەژماربکرێن.
ئاشتی عەبدوڵڵا، بەرپرسی بەشی جێندەر لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 14-12-2021، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو 13-12-2021 تەرمی ئافرەتێک لەسلێمانی دۆزرایەوە، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا نەنێژرێت تاوەکو ناسنامەکەی دەدۆزرێتەوە، چونکە دەڵێت نابێت هیچ ئافرەتێک بەناونیشانی بێناسنامە بنێژرێت، بۆیە هەموو ئێمەی راسپارد بەدواداچوون بکەین و ئێمەش هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکانمان ئاگادارکردووەتەوە کە تەنانەت پشکنینی دی ئێن ئەی بکرێت".
ئاشتی عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا لەمەودوا تەرمی هەر ئافرەتێکی کوژراو بدۆزرێتەوە پشکنینی DNA بۆ دەکرێت و گوتی: "ئەمەش بۆ ئەوەیە رێگە نەدرێت تەرمی ئەو ئافرەتانە بەبێ دەنگی لەلایەن شارەوانییەوە بنێژرێن و بەبێ ناسنامەش دابنرێن".
سەبارەت بەو ژنانەی کە دوای هەموو رێگاکان ناسنامەیان نادۆزرێتەوە. ئاشنا عەبدوڵلا گوتی: "بەڕێز کاک قوباد بڕیاری داوە، ئەو ژنانە ناویان لێ بنرێت ژیان، ئەمە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت".
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بەپاساوی شەرەف دەیان ژن دەکوژرێن. زۆر لەو ئافرەتانە ناسنامەیان دیار نییە یان کەسوکاریان ئامادەنین تەرمەکانیان وەربگرنەوە، بۆیە لەلایەن شارەوانییەوە دەنێژرێن و گۆڕەکەشیان وەکو بێ ناونیشان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 16 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، 46 ژن خۆیان کوشتووە، هەروەها 56 ژن خۆیان سووتاندووە،
هەر بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەی ئەو نۆ مانگەدا 10 هەزار و 48 سکاڵا تۆمارکراون و 102 ژنیش دەستدرێژیان کراوەتەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ