رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی کوشتنی 7 ئەندامی خێزانە کوردەکەی پارێزگای کۆنیای تورکیا بەڕێوەدەچێت.
رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2021 لە چوارەمین دادگای سزاقورسەکانی کۆنیا یەکەمین دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی کوشتنی حەوت ئەندامی خێزانە کوردەکەی پارێزگای کۆنیای تورکیا دەستپێدەکات.
محەممەد ئاڵتون کە بە دەمانچە ئەو حەوت ئەندامەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری لە کۆمەڵکوژ کرد لەو دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێت.
بەهۆی ئەو رووداوەوە بە بکوژەکەوە 13 کەس دەستگیرکران، دوای چەند هەفتەیەک دایک و باوک و هاوژینی بکوژەکە و دواتریش سەرجەم گومانلێکراوەکانی دیکە ئازاد کران.
تەنیا محەممەد ئاڵتون لە زیندان ماوەتەوە کە دوای تێپەڕبوونی یەک هەفتە بەسەر رووداوەکەدا لە شارۆچکەی بۆزکورتی کۆنیا دەستگیرکرابوو.
ئێوارەی رۆژی 30ی تەممووزی 2021، ئەو حەوت ئەندامەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری لە شارۆچکەی مەرامی کۆنیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران. ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا هەن. بکوژانی ئەم خێزانە کوردە، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان، ئاگریان لەماڵی خێزانە کوردەکە بەردا، بەڵام بەئاگادارکردنەوەی دراوسێیەکان، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دامڕکێندرا.
دوای رووداوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی تووندی رووداوەکەیان کرد و داوای سزادانی بکوژانیان کرد. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاش کاردانەوەی تووندیان هەبوو، ئاکپارتییان بە دروستکردنی پشێوی و سیاسەتی رق و کینە و دژایەتیکردنی کورد، تۆمەتبارکرد. دەسەڵاتیش دەڵێت، ئەم تاوانە هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و تورکەوە نییە.
لە کۆنیا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن. بەتایبەتی لە باکووری کۆنیادا چەند شارۆچکەیەک هەن کە هی کوردانن. هەروەها لە ناوەندی کۆنیاش کوردی زۆر هەن کە نزیکەی 600 هەزار کەس دەبن. سێیەکی دانیشتووانی کۆنیا کوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ