رۆژهەڵاتی کوردستان.. هەوڵی کەمکردنەوەی رێژەی نەخوێندەواری دەدرێت

رووداو - رۆژهەڵاتی کوردستان

ئێران، وڵاتێکی بەربڵاو و گەورەیە کە بەپێی ئامارە راگەیەندراوەکانی ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 80 ملیۆن کەسە و لەو ژمارەیە نیزیک بە 10 ملیۆن کەسی نەخوێندەوارە. بە وتەی جێگری وەزیری پەروەردە ، 9 ملیۆن و 700 هەزار کەسی نەخوێندەوار لە ئێراندا هەیە، کە بۆ خوێندەوارکردنی ئەو رێژەیە، بڕی هەزار و 750 ملیار تمەن پێویستە.

بەپێی ئەو ئامارە، 38 لە سەدی نەخوێندەواران، لە نێوان 10 تا 50 ساڵ تەمەنن. لەو رادەیە 12 لە سەدی هاووڵاتیانی 6 تا 29 ساڵ تەمەن نەخوێندەوارن. 3 ملیۆن و 456 هەزار کەس لە نەخوێندەواران تەمەنیان لە نێوان 30 تا 49 ساڵدایە.

بە  گوتەی پارێزگاری ورمێ ئەو پارێزگایە یەکێک لە نەخوێندەوارترین پارێزگاکانە کە 250 هەزار کەسی نەخوێندەواری تێدایە. بەپێی بڕیاری پەروەردەی پارێزگای ورمێ، هەموو ساڵێک 50 هەزار کەسیان دەخەنە پرۆسەی خوێندنەوە بۆ ئەوەی رێژەی نەخوێندەواری کەم بکەنەوە.

جێگری پەروەردەی پارێزگای سنە دەڵێت؛ 286 هەزار کەس نەخوێندەوار لەو پارێزگایە هەن کە لەو ژمارەیە، 117 هەزار و 19 کەسیان لە نێوان 10 تا 49 ساڵ تەمەن دان. بە وتەی رەمەزان یوسفی پارێزگای سنە پلەی دووهەمیی نەخوێندواری لە ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی ئێراندایە.

لە پارێزگای کرماشان بەپێی ئەو ئامارەی کە وەزارەتی پەروەردەی ئەو پارێزگایە بڵاویکردووەتەوە، بە گشتی 1 ملیۆن و 772 هەزار و 993 کەس نەخوێندەوار هەن. جێگری ئیدارەی پەروەردەی پارێزگای کرماشان دەڵێت؛ هەموو تواناکان لەو پارێزگایە بەکاردێنین بۆ ئەوە نەخوێندەواری بنبڕ بکەین.

بە پێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە ژمارەی نەخوێندەواریی لە پارێزگای کرماشان، 28 هەزار و 582 کەسە.

بەرپرسی گشتی پەروەردەی پارێزگای لۆڕستان ئاماری نەخوێندەواری لەو پارێزگاریەی 70 هەزار کەس راگەیاندووە و دەڵێت؛ بەپێی ئەو بەرنامەیە کە بۆ بنبڕکرنی نەخوێندەواری لەو پارێزگایە دیاریکراوە، لە 4 ساڵی داکاتوودا، ئەو 70 هەزار کەسە دەچنە ریزی کەسانی خوێندەوار.

ئاماری نەخوێندەواریی لە پارێزگای چوارمەحاڵی بەختیاری لە ساڵی رابردوو 47 هەزار کەس بووە کە ئەو ئامارە بۆ کەسانی کەمخوێندەوار و نەخوێندەواری نێوان 10 تا 49 ساڵ تەمەن دیاریکراوە.

سەرۆکی رێکخراوی خوێندن و راهێنانی ئێران دەڵێت؛ زیاتر لە 30 لە سەدی نەخوێندەوارانی رەگەزی مێیینە لە پارێزگا سنووریەکانی ئێرانن، کە لەو پارێزگایانە، بایەخ بە خوێندن و کەلتوور نادرێت.