رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی بەکرەجۆی سلێمانی تەرمی دوو ژن لە ماڵێکدا دۆزرانەوە و سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە رووداوی گوت: "دوو خوشکەکە لەلایەن براکەیانەوە کوژراون."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی گوت: لە گەڕەکی بەکرەجۆ "تەرمی دوو ژن کە خوشکی یەکدین، لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە."
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی لەبارەی رووداوەکەوە بە رووداوی گوت: "لەلایەن براکەیانەوە بە چەکی کڵاشینکۆف کوژراون."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "ئەو دوو خوشکە تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵ دایە."
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە بەردەم ماڵی دوو خوشکەکەدا دەڵێت: "ناویان سارا و پەروا دڵشاد بووە، روون نەبووەتەوە براکەی بۆچی کوشتوونی."
لەبارەی دەنگۆی خۆکوشتنی براکەیانەوە پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد کە "هێزە ئەمنییەکان تائێستا ئەو هەواڵەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە خۆکوشتنی دەکرێت."
پێشەوا بەختیار لەگەڵ دراوسێی و خزمی ئەو ماڵباتە قسەی کردووە و گوتوویانە: "ماڵێکی باش بوون، نەمانزانیوە کێشەیان هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ