ئەمڕۆ راهێنان بە زیاتر لە 19 هەزار بژمێری سەرژمێری دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ زیاتر لە 19 هەزار بژمێری سەرژمێری راهینانیان پێدەکرێت و راهێنانەکەش سێ رۆژ بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بژمێرەکان بۆ رۆژی سەرژمێری ئامادە بکرێن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 14 تشرینی دووەمی 2024، گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەنیا چەند رۆژێک ماوە بۆ کاری مەیدانی و دەبێ وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 17ی مانگ نزیکەی 19 هەزار بژمێر ئامادە بکات."
 
گوهدار محەممەد عەلی گوتی: "لە ئەمڕۆوە راهێنان بە بژمێرەکان دەکرێت و راهێنانەکەش سێ رۆژ بەردەوام دەبێت."
 
بە گوتەی گوهدار محەممەد عەلی، بژمێرەکان هەر لە ناوچەکانی خۆیان راهێنانیان پێدەکرێت و فێر دەکرێن چۆن فۆڕمی سەرژمێری پربکەنەوە وسەردانی مەیدانی بکەن.
 
وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان رۆژی 13-11-2024 رایگەیاند: "نزیکەی 61 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا بەشێوەی ئۆنلاین لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان فۆرمی بژمێریان پڕ کردبووەوە، لەم ژمارەیەش زیاتر لە 19 هەزار دەرچوو ناوەکانیان گەڕاوەتەوە."
 
پرۆسەی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 1ی تشرینی دووەم بەردەوام بوو. لە هەرێمی کوردستانیش لە 01-10-2024 دەستیپێکرد.
 
بڕیارە لە 20-11-2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.