رووداو دیجیتاڵ
حیزبە کوردستانییەکان لە خوورماتوو لیژنەیەکیان پێکهێناوە تاوەکو هانی ئاوارەکان بدەن بۆ سەرژمێریی بگەڕێنەوە قەزاکە. بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، سەنتەرێکی پەیوەندییان دروست کردووە و پەیوەندیان بە سێ هەزار خێزانی ئاوارە کردووە.
بڕیارە 20ی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.
مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 14-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حیزبە کوردستانییەکان لە قەزای خوورماتوو لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی خوورماتوو، بۆ ئەوەی خۆیان لە سەرژمێریی تۆمار بکەن.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، ژمارەی کورد لە قەزای خوورماتوو بە نزیکەی پەنجا هەزار کەس دەخەمڵێنێت و باسی لەوەدەکات وەک یەکێتیی سەنتەرێکی پەیوەندییان دروستکردووە، بە تەلەفۆن پەیوەندیان بە زیاتر لە سێ هەزار خێزانی ئاوارەی خوورماتوو کردووە، بۆ ئەوەی لە 16 بۆ 19ی ئەم مانگە بگەڕێنەوە و ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی گوتیشی، ئەگەر نەگەڕێنەوە، "ناتوانن لەسەر خورماتوو تۆمار بکرێن و حیزبە کوردستانییەکانی دیکەش بەهەمانشێوە پەیوەندیان بە دۆست و لایەنگرەکانیان کردووە."
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە. لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا بەشێکی زۆری خانووی هاونیشتمانییان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە سووتێندران و تەقێندرانەوە.
ئەوانەی لە خورماتوو ئاوارە بوون و تائێستا نەگەڕاونەتەوە، زۆربەیان لە کەرکووک، هەولێر، سلێمانی و گەرمیان نیشتەجێن.
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین و نوێنەری قەزای خوورماتوو، رۆژی پێنج شەممە 14-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئامادەکاریی سەرژمێریی و هاندانی ئاوارەکان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە.
بەگوتەی داودی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی چوار هەزار خێزانی ئاوارە ماون بگەڕێنەوە قەزای خوورماتوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ