لە ئامێدی دووەمین فێستیڤاڵی تەحین ساز دەکرێت و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکانی دووەم فێستیڤاڵی تەحین تەواوکراون و ئەمڕۆ فێستیڤاڵەکە دەستپێدەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 14 تشرینی دووەمی 2024، هەکار حەمید ئامێدی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ فێستیڤاڵەکە پێشبینی دەکەین، ئەم ساڵ ژمارەی گەشتیاران و سەردانیکەران لە پار زیاتر بێت."
 
فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ کاژێر 11:00 دەستپێدەکات و تاوەکو سبەی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

 

 

هەکار ئامێدی گوتی: "60 کەپر بۆ پیشاندانی بەرهەمەکان ئامادە کراون، 22 کەپر بۆ تەحین دەبن و ئەوانی دیکەش بۆ کاری دەستی، خواردنی کوردەواری و بەرهەمی دیکەی خۆماڵی."
لە فێستیڤاڵەکەدا تەحین، هەنار، هەنگوینی خۆماڵی، مرەبا، خواردنی جیاوازی کوردەواری، کاری دەستی و بەرهەمی دیکە نمایش دەکرێن. 
ساڵی رابردوو لە 23-11-2023 لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بە بەشداریی 27 کارگە و ئاشی تەحینی دەڤەرەکە، فێستیڤاڵی تەحین بەرێوەچوو، زیاتر لە 15 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد.
 
تەنیا لە قەزای ئامێدی نزیکەی 800 دۆنم زەوی بە کونجی چێندراوە کە نزیکەی 240 تۆن تەحینی لێ بەرهەم دەهێنن.