رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێت، ژمارەیەک کۆمپانیای ئێرانی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزاری سلێمانیدا بەشدارن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-11-2024، محەممەد مەحموودیان، کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی لە دووەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار قسەی بۆ نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: ''پێنج کۆمپانیای جۆراوجۆر و متمانەپێکراوی ئێرانی لە بوارەکانی گەشتوگوزار و گەشتیاریی تەندروستییەوە، لە پێشانگەکەدا بەشدارن.''
محەممەد مەحموودیان گوتی، بەشداریی چالاکی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکە، دەرخەری ئەوەیە کە ''ئەوان حەزیان لە پێشکەوتنی کەرتەکانی گەشتوگوزار و گەشتیاریی تەندروستییە لە نێوان هەردوو لایەنی ئێران و هەرێمی کوردستاندا.''
کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی هەبوونی سنووری هاوبەشی نێوانیان، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە ئێران. دەشڵێت: ''زمانی هاوبەشی دانیشتووانی کرماشان و سنە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیگرتنی نێوانیانی زۆر ئاسانتر دەکاتەوە.''
محەممەد مەحموودیان لەبارەی قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: ''ژمارەیەکی وردمان لەبەردەست نییە، بەڵام کۆی گشتیی قەبارەی بازرگانی نێوانیان، بەردەوام روو لە زیادبوونە.''
لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداوی دایەوە و گوتی: ''ئێران هەموو کات بە دوای ئەوەوە بووە، باشترین پەیوەندی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەبێت.''
دووەم پێشانگەی گەشتوگوزاری سلێمانی بە ئامادەبوونی دەیان کۆمپانیای گەشتیاریی نێوخۆیی و بیانی، لە گۆڕەپانی پێشانگەی نێودەوڵەتیی تاسلۆجە بەڕێوەدەچێت، بڕیارە سێ رۆژ بەردەوام بێت و رۆژانەش لە کاژێر 11:00 بۆ 18:00 بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ