هاونیشتمانییەکی رانیە لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، هاونیشتمانییەکی رانیە لەکاتی کارکردن لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەک، کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەروو قادر، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی گوت، "هاونیشتمانییەکە ناوی (هـ . ع. ح)ـە و تەمەنی 36 ساڵە، لەکاتی كاركردنی وەکو نەجاڕ (تەختەبەست) له‌ باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی كه‌وتە ‌خواره‌وه‌ و بەهۆیەوە گیانی له‌ده‌ستدا".
 
گوتەبێژەکە هەروەها گوتی،‌ هاونیشتیمانییەکە دانیشتووی گه‌ڕه‌كی مامۆستایانی قه‌زای رانیه‌یه‌ و پیشه‌ی كاسبه‌، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش دەریدەخەن کەوتنەخوارەوەکەی لەکاتی کارکردندا بووە".
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئه‌وه‌شی خستەڕوو، "دوای ئه‌نجامدانی توێكاری له‌ پزیشكی دادی رانیه،‌ ته‌رمی ئه‌و هاونیشتمانییە راده‌ستی كه‌سوكاری كراوەته‌وە، بەڵام لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌".
 
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئەم ساڵ تائێستا 36 کرێکار لەکاتی کارکرداندا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.