گەنجێکی هەڵەبجە دەست و قاچی لەکارکەوتوون و هیچ نەخۆشخانەیەکی فەرەنسا وەریناگرێ

14-11-2024
عەدنان رەشید
وێنەیەکی گەنجەکە.
وێنەیەکی گەنجەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گەنجێکی خەڵکی هەڵەبجە دەست و قاچی لە جووڵە کەوتوون، دوای مانەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی فەرەنسا، ئێستا هیچ نەخۆشخانەیەک لەو وڵاتە وەریناگرێت. نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت، بەدواداچوون بۆ کێشەکەی دەکەن.
 
سوهەیب فایەق، تەمەنی 29 ساڵە، لە 2019 بە رێگەی قاچاخ بەمەبەستی گەیشتن بە وڵاتێکی ئەورووپا، لە کاڵاسی فەرەنسا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ دەبێت، لە رووداوەکەدا گەدەی دەتەقێت، بڕبڕەی پشت و ملی دەشکێت، زیان بە دڕکەپەتکی کەوتووە و لە جووڵەی دەست و قاچی خستووە، دوو کیسی میز و پیسایی بۆ دانراوە و ماوەی پێنج ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە خەوێنرا.
 
کەسوکاری سوهەیب بەهۆی وەرنەگرتنی ڤیزاوە نەیانتوانیوە سەردانی بکەن. سوهەیب بەمەبەستی بینینی کەسوکارەکەی، ئەم ساڵ سەردانی هەڵەبجەی کردووە، دوای گەڕانەوەی بۆ فەرەنسا، هیچ نەخۆشخانەیەک وەریناگرێت.
 
سوهەیب فایەق، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "مانگێکە گەڕاومەتەوە فەڕەنسا، هاوڕێیەکم کە هاوژینەکەی فەڕەنسییە، گوتی وەرە ماڵەکەم تاوەکو شوێنێک بۆ خۆت پەیدا دەکەی. کەسوکارم لەو وڵاتە نین. هاوژینی هاوڕێیەکەشم ماڵ و منداڵیان هەیە و بە رۆژ لە ماڵ نین، ئەوانیش ژیانیان هەیە، تاوەکو یەکشەممە مۆڵەتیان پێداوم لەوێ بمێنمەوە".
 
وەک سوهەیب فایەق باسیدەکات، بەهۆی نەبوونی ناونیشانەوە رێگە نادرێ هیچ یەکێک لە کەسوکاری سەردانی بکەن یان لەو وڵاتە لای بمێننەوە، "لە کوردستانیش هیچ چارەسەرییەکم نییە و تەنانەت دەرمانەکانیشم لە کوردستان دەستناکەون. ئێستا پزیشک دەڵێت، ناتوانیت بچیتە ئەدرەس تاوەکو کەسێکت لەگەڵ نەبێت. لە نەخۆشخانەش وەرناگیرێم".
 
کەسوکاری سوهەیب لە ماوەی پێنج ساڵدا هەوڵیان داوە ڤیزای فەرەنسا وەربگرن و سەردانی بکەن، بەڵام سەرجەم داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە. بەرزان محەممەد، خاڵی سوهەیب، لە بەرپرسیار گوتی: "چەند مانگێک پێش ئێستا سوهەیب بە رەزامەندیی نەخۆشخانەکەی گەڕایەوە. ئێمە وامانزانی دڵنیابووین کە حکومەتی فەرەنسا تەواوی چارەسەریی دەخاتە ئەستۆی خۆی. نەخۆشخانەکەش نەیگوت وەریناگرینەوە، ئەگینا رێگەمان نەدەدا بگەڕێتەوە. داوا لە نوێنەرایەتیی حکومەتی فەرەنسا دەکەین بەدواداچوون بکات و مافی نەفەوتێت".
 
سوهەیب مافی مانەوە "ئیقامە"ی لە وڵاتی فەرەنسا هەیە. بە گوتەی پارێزەرێکی راوێژکار، "نەدەبوو" سوهەیب بێ راوێژی یاسایی لە نەخۆشخانە بهاتبایە دەر. عەلی عەبدوڵڵا، کە دکتۆرای لە یاسا هەیە، لە بەرپرسیار، گوتی: "سوهەیب مافی هەیە پەنا بباتە بەر دادگە. مافی هەیە وەک هاوڵاتییەکی فەرەنسی داوای نەخۆشخانە بکات. مافی هەیە داوای قەرەبوو بکات، دەبێت پارێزەر بگرێت یان دەوڵەت پارێزەری بۆ بگرێت".
 
رووداو کێشەی سوهەیب فایەقی گەیاندە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەت لەو وڵاتە، بە رووداوی گوت: "هەر کەسێک مافی مانەوەی هەبێت لە فەرەنسا، مافی هەیە لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت. دەبێت ئەو هاونیشتمانییە خۆی یان کەسوکاری سەردانی سۆسیال بکەن و شوێنی پێبدەن. ئێمە بەدواداچوون بۆ کێشەکەی دەکەین و لەماوەی 10 رۆژدا وەڵامێک وەردەگرین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە