سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی: زیاتر لە 65٪ـی کاری شەقامەکە تەواوکراون

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 65٪ـی کارەکانی تەواوکراون،" بەڵام گوتیشی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستیان بە "بەرنامەی نوێی کارکردن هەیە."
 
بە گوتەی ئەبوبەکر تەیب، "ناتوانرێت بە وردی کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە دیاری بکرێت، بەوپێیەی بەرنامەی کاری ئێستای پڕۆژەکە کەموکوڕی و کێشەی تێدایە، چونکە بەگوێرەی بەرنامەی کاری ئێستا، دەبوو لە 30ـی ئابی ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواوبێت، هەر بۆیە داوامان لە گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان کردووە کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە، بەرنامەیەکی نوێی کارکردن دابنێن."
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە جەخت دەکاتەوە کە تەنیا دوای دانانی بەرنامەیەکی نوێی کارکردن، دەتوانن کاتی تەواوبوونی رێگەکە دیاریبکەن. بەڵام گەشبینە کە "لە کۆتایی ساڵی داهاتوو رێژەیەکی بەرچاو" کارەکەیان بەدیاردەکەوێت. 
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، "لە قۆناخەکانی سەرەتای کارکردن لە شەقامەکە، زیاتر لە 700 ئامێر و 1000 کرێکار و وەستا تێیدا کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا نزیکەی 300 وەستا و کرێکار و 100 ئامێر بە سەرپەرشتی 25 ئەندازیار لە پڕۆژەکەدا کار دەکەن."
 
ئۆتۆبانی بابان، کە بە شەقامی 100 مەتری دەناسرێت، لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە ‌چە‌ند قۆناخێك جێبە‌جێ دە‌كرێت، گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ‌ماوە‌ی 1100 رۆژ واتە تاوەکو 30-8-2023 تەواو بکرێت.