رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتنێکی زۆر باش بوو. گوتیشی رێژەی بەرزیی بەشداری هاووڵاتییان نامەیەکی بەهێز بوو کە خەڵک دەیەوێ "رەواییەت"ـی دامەزراوەکانی حکومەت نوێبکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2024، ئەندرو بیزلی، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، لە زانکۆی دهۆک بەشداری لە چالاکییەکی هونەری کرد.
بیزلی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "پێموایە پێویستە بە باسکردنی هەڵبژاردن دەستپێبکەین کە سەرکەوتنێکی زۆر باش بوو. پێموایە نامەیەکی زۆر بەهێزی هەڵبژاردنەکە رێژەی بەشداری بوو کە 72٪ بوو." گوتیشی، "ئەوە نامەیەکی زۆر بەهێز بوو لە خەڵکەوە کە دەیانەوێت رەواییەتی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێبکەنەوە."
کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، "بەگوێرەی ئەوەی لە گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵک گوێم لێدەبێت، ئەوان [خەڵک] بە پەرۆشن بۆ پێکهێنانی حکومەت زۆر بەخێرایی، ئەمە ئەو نامەیەیە کە من و باڵیۆزەکەم داومانە بە هاوڕێیانمان لە حکومەتی ئێرە و لایەنە سیاسییەکان".
کۆنسووڵی بەریتانیا دەربارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گوتی، "زۆر گرنگە کە ئەو پەیوەندییانە باشبن، ئەمە بۆ ناوچەکەش زۆر گرنگە کە دەسەڵاتە ناوچەییەکان پارێزراوبن." جەختی لەوەش کردەوە، "بەردەوامین لە گفتوگۆکردن؛ باڵیۆزخانەکەمان لە بەغداد لەگەڵ حکومەتی ئەوێ و ئێمەش، وەکو کونسوڵخانە، لەگەڵ حکومەتی ئێرە. بۆ ئەوەی بتوانین پردێک درووستبکەین ئەگەر پێویست بوو".
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. لە کۆی 95 کورسی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان 23 کورسی و سەرجەم لایەنەکانی دیکەش 33 کورسیان بەدەستهێنا.
تائێستا لایەنە سیاسییەکان، گفتوگۆکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستپێنەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ