نێچیرڤان بارزانی: سلێمانی ناوێکی دیار و کاریگەرە و مایەی شانازیی گەلی کوردستان بووە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی 240 ساڵەی بنیادنانی شاری سلێمانی رایگەیاند، "له‌ مێژووى كولتوورى و سياسيى گه‌لى كوردستاندا، سلێمانی ناوێکی دیار و کاریگەرە و مایەی شانازیی گەلی کوردستان بووە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 14-11-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی بنیادنانی سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە "خەڵکی ئازیز"ـی سلێمانی دەکات و دەڵێت: "يادى 240 ساڵه‌ى بنياتنانى سلێمانى، پایته‌ختی ڕۆشنبيرى، شاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، شارى هه‌ڵمه‌ت و قوربانى، به‌ گه‌رمى له‌ ته‌واوى خه‌ڵكى ئازيزى شار، پيرۆز ده‌كه‌م. هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم."
 
لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە: "له‌ مێژووى كولتوورى و سياسيى گه‌لى كوردستاندا، سلێمانى ناوێكى ديار و كاريگه‌ره‌ و هه‌ميشه‌ جێى رێز و پێزانين و مايه‌ى شانازيى گه‌لى كوردستان بووه‌."
 
"هيواى به‌رده‌واميى گه‌شه‌ و ئاوه‌دانى، پێشكه‌وتنى زياتر و ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ سلێمانى و هه‌موو شار و ناوچه‌كانى كوردستان ده‌خوازم." سەرۆکی هەرێمی کوردستان وای گوت.
 
سلێمانی پارێزگایەکی باشووری کوردستانە کە ناوەندی پارێزگای سلێمانییە. لە 14ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1784 ئیبراھیم پاشای بابان دایمەزراندووە و پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستووەتەوە بۆ سلێمانی.