رووداو دیجیتاڵ
بینینی دشداشە و عەگال لە تەنیشت کورتەک و شەڕواڵ و جامانە، دیمەنی رۆژانەی بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانە.
زۆربەی عەرەبەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان، لە پرۆسەی ژمارەدانان و گەمارۆسازی سەرژمێری، لەسەر هەرێمی کوردستان خۆیان تۆمارکردووە.
ناسر مەرسوومی لەگەڵ خیزانەکەی 8 ساڵە لە هەولێر نیشتەجێن، ئەوان کارتی نیشتیمانییان تۆماری پارێزگای ئەنبارە، بەڵام لە سەرژمێری هەر لە هەولێر خۆیان تۆمارکردووە.
مەرسوومی مەیلی خۆی نەشاردەوە، کاتێک رووداو پرسیاری لێکرد گوتی کە دەیانەوێت لە سەرژمێری وەک "ئەربیلییەک [هەولێرییەک]" هەژماربکرێن نەک ئەنباری.
سەردانی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونم لە دەوروبەری هەولێر کرد، موختاری ئەوێ پێی گوتین نزیکەی 70%y دانیشتووانی ئەو پرۆژەیە عەرەبن، کە لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقەوە، بەتایبەتی نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار و بەغداوە هاتوون.
لە هەر عەرەبێک دەپرسی، پرسەکانی ئەمنی، ئابووری، خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بەهۆکاری سەرەکی نیشتەجێبوونیان لە هەرێمی کوردستان دادەنێن.
بەگوێرەی دواین ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، 700 هەزار و حەوت هاووڵاتی عەرەب لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بە هەزاران عەرەبی دیکەش تۆمارنەکراون.
وا بڕیارە لە سەرەتای سەرژمێری ئەو عەرەبانە تەنیا وەک دانیشتووی هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێن، بەڵام لە کۆتایی پرۆسەکە ناوی هەموویان دەگەڕێندرێتەوە سەر پارێزگاکانی خۆیان.
دوای 21 ساڵ لە عێراقی نوێ، بڕیارە 20ی ئەم مانگە سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ