ڤیدیۆ: ئاسایشی سلێمانی پیاوێک دەستگیردەکات کە ژن و دوو منداڵەکەی کوشتوون
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی سلێمانی پیاوێکی لەنێو شارەکەدا دەستگیرکرد کە پار لە بەغدا، بە دەمانچە هاوژین و دوو منداڵی هاوژینەکەی کوشتوون و هەڵاتووە.
ئاسایش دەڵێت، تۆمەتبارەکە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی نێو شاری سلێمانی دا ماوەتەوە.
بەشی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئاسایشی سلێمانی ئەم زانیارییانەی لە راگەیێندراوێکدا بۆ رووداو ناردوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رۆژی 31-12-2023، لە ناوچەی دۆرەی شاری بەغدا، کەسێک بەناوی (م. ت. ح) بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، هاوسەرەکەی بە ناوی (ب. ع. ح) و دوو منداڵی هاوسەرەکەی بە دەمانچە کوشتن".
ئەوەش هاتووە، "دواتر تۆمەتبارەکە چەند ناسنامەیەکی ساختە درووستدەکات و خۆی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەشارێتەوە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵدێت".
ئاسایش دوای لێکۆڵینەوە، توانیویەتی شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبارەکە بدۆزێتەوە کە "هۆتێلێک بووە لەنێو شاری سلێمانی دا".
تۆمەتبارەکە بەگوتەی ئاسایش چەند "ناسنامەیەکی ساختە"ـی پێبووە و لە رۆژی 10-11-2024 دەستگیرکراوە، بەڵام ئاسایش ئەمڕۆ هەواڵەکەی راگەیاندووە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.