حەج و عومرە سۆراغی 53 کەس دەکات کە ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 53 کەس لەوانەی ناویان بۆ حەج هاتووەتەوە بڕی یەکەمی پارەیان رادەست نەکردووە، ئەگەر سەردانی نووسینگەی حەج و عومرە نەکەن، ناوی یەدەگ لە شوێنیان دادەنرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ و دوێنێ لە رێگەی فەیسبووکەوە ناوی ئەو 53 کەسەی بڵاوکردووەتەوە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داوا لەو هاووڵاتیانەی پارێزگای هەولێر و دهۆک، هەروەها ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەکەین، هەر کەسێک زانیاریی لەسەر ئەو ناوانە هەیە کە بڵاومانکردووەنەتەوە یاخود دەیانناسێت، تکایە ئاگادارییان بکەنەوە، تاوەکو لە نزیکترین کاتدا سەردانی نووسینگەی حەج و عومرەی بکەن."
بەگوتەی کاروان ستوونی، ئەوان پەیوەندیان بەو 53 کەسەوە کردووە، بەڵام ژمارەکانیان بەردەست نییە.
کاروان ستوونی گوتی، "تاوەکو هەفتەی داهاتوو، کاتیان هەیە، بەپێچەوانەوە لەکاتی ئامادەنەبوونیان ناوی یەدەگ شوێنیان دەگرێتەوە."
سەرەتا، 3ـی ئەم مانگە وەکو بۆ پێدانی ئەو پارەیە دیاریکرابوو، کە بڕەکەی چوار ملیۆن دینارە، دواتر وهرگرتنەکە بۆ 12ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ 53 کەس پارەیان نەداوە.
16-12-2023 تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 فۆرمی حەجیان پڕکردبووەوە، لە تیروپشکەکەدا ناوی 4174 کەس بۆ حەجی ساڵی 2024 دەرچوو.
ئەم ساڵ پشکی حەج بەراورد بە ساڵانی پێشتر زیادکرا. لە 25-09-2024 تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە داوایان کردبوو ساڵی 2025 بچنە سعودیە بۆ بەجهێنانی حەج. لە ئەنجامدا 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.