رەوتی هەڵوێست: لەگەڵ یەکێتی و پارتی ناچینە حکومەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رەوتی هەڵوێستیئ نیشتمانی دەڵێت، ''بڕیای خۆمان داوە و لەگەڵ یەکێتی و پارتی ناچینە حکومەتەوە''؛ گوتیشی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی راگەیاندوون هەموو هەوڵێک دەدات مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەفەوتێت.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
 
جیا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جووڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سلێمانی لەگەڵ رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''وردەکارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان باسکرد کە چی روویداوە.''
 
20ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو کە ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پڕۆسەکە و لە نێویاندا رەوتی هەڵوێست، گلەیی و ناڕەزاییان لەسەر ئەنجامەکان هەبوو و تانەیان لە ئەنجامەکەی دا.
 
عەلی حەمە ساڵح گوتی: ''گرنگە تێبینییەکانی ئێمە لەبەر چاوبگیرێن و ئەوانیش [عێراق] بەدواداچوونی بۆ بکەن، بەتایبەتی کە هەڵبژاردنی عێراق نزیکە، بەردەوامبوونی ئەم بابەتانە [ساختەکاری] کۆتایی بە متمانەی هەڵبژاردن دەهێنێت.''
 
بەشێک لە کۆبوونەوەکەی سوودانی و رەوتی هەوڵێستی نیشتمانی تایبەت بوو بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەجێکردن و پڕۆژەی هەژماری من. بەگوتەی سەرۆکی رەوتەکە، ''سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کردووە، سەبارەت بە بەجێکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، لەگەڵ بڕیاری دادگەی فیدراڵییە.''
 
پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، جیاوازیی باج و رسوومات، نرخی کارەبا و بەنزین لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، بەشێکی دیکە لە نێوەرۆکی کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی و رەوتی هەڵویستی نیشتمانی بوون.
 
14 رۆژ لە مانگی تشرینی دووەم تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. عەلی حەمە ساڵح گوتی: ''بە وردی پرسیاری مووچەی مانگی 10 و 11 و 12ـمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و زۆر بە روونی گوتی، لە دۆخی کوردستان تێگەیشتووین، دەزانین دۆخی خەڵک خراپە، نامانەوێت فەرمانبەران ببنە قوربانی، بەڵام ئەمە چارەسەری یاسایی پێویستە.''
 
بەگوتەی سەرۆکی رەوتی هەڵوێست، سوودانی گوتوویەتی: ''من دەڕۆمەوە و هەموو هەوڵێکم بۆ ئەوە دەبێت کە ئەوەندەی بتوانم و یاسا رێگە بدات، مووچەی ئەم سێ مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکرێنە قوربانی.''
 
''لەگەڵ یەکێتی و پارتی ناچینە حکومەتەوە''
 
بە گوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی چوار کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. عەلی حەمە ساڵح جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە بڕیاری خۆمان داوە و متمانەی خۆمان نادۆڕێنین، لەگەڵ یەکێتی و پارتی ناچینە حکومەتەوە.''
 
لە هەڵبژاردنەکەدا، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێناوە.