لە لوڕستان پێنج ئەندامی خێزانێک لە ماڵەکەی خۆیاندا گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

هەموو ئەندامانی خێزانێکی خەڵکی شاری دۆلفان لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، گیانیان لەدەستداوە. گومان دەکرێت بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی ماڵان گیانیان لەدەستدابێت.
 
ئەسغەر قەهرەمانی، قایمقامی شاری دۆلفان، رایگەیاند، سەرجەم ئەندامانی خێزانێک، کە پێنج کەسن، گیانیان لەدەستداوە. کاژێر 04:00ـی دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە (13-11-2023) بەهۆی سەردانی خزمەکانیانیانەوە بە رووداوەکە زانراوە.
 
بەگوتەی ئەسغەر قەهرەمانی، ئەو خێزانە ژن و پیاوێک و سێ منداڵی تەمەن 10، 8 و 6 ساڵان بوون.
 
قایمقامی شاری دۆلفان گوتیشی بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دەرکەوتووە ئەو خێزانە بەهۆی هەڵمژینی گازی مۆنۆکسیدی کاربۆن، کە لە گیزەری حەمامەکەیانەوە بەنێو ماڵدا بڵاوبووەتەوە، گیانیان لەدەستداوە و بەوردیش نازانرێ چ کاتێک گیان لەدەستداوە.
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە دەیان کەس بەهۆی لێچوونی گازەوە گیان لەدەستدەدەن و بەشێکی ئەمەش بۆ کەمتەرخەمیی خێزانەکان دەگەڕێتەوە.
 
بەپێی راپۆرتی دادپزیشکی ئێران، لە شەش مانگی بەهار و هاوینی ئەمساڵدا 274 کەس بەهۆی لێچوونی گازەوە گیانیان لەدەستداوە؛ بەڵام ئەم ژمارەیە لە وەرزە ساردەکانی ساڵدا، کە خەڵک سۆپای گاز بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکاردەهێنن، زیاتریش دەبێت.