ئەندامانی ژووری بازرگانیی هەولێر پێش هەڵبژاردن داهاتی ژوورەکە بەسەر خۆیاندا دابەش دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی ژووری بازرگانیی هەولێر، پێش هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی نوێ، داهاتی ژوورەکە بەسەر خۆیاندا دابەش دەکەن، کە بۆ هەریەکەیان بڕی 15 هەزار دۆلارە. سەرۆکی ژوورەکە دەڵێت "دابەشکردنەکە یاساییە" و سەرچاوەیەکیش لە پارێزگای هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو دۆسیەیە رادەستی دادگە دەکرێت.
بە بڕیاری ژمارە 820ی پارێزگاری هەولێر، کە لە 08-06-2023 دەرچووە، هەموو خەرجییەکانی ژووریی بازرگانی هەولێر، راگیراوە تاوەکو دوای هەڵبژاردن، بەڵام پێش ئەو رێککەوتە لە 04-06-2023 ئەنجوومەنی ژوورەکە کۆبووەتەوە و بڕیاریانداوە ئەو پارەیەی کە خەزێنەی ژوورەکەدا هەیە، بەسەر خۆیان و فەرمانبەرانیدا دابەشی بکەن.
هەر ئەندامێکی ژوورەکە، 15 هەزار دۆلاری بەرکەوتووە و هەر فەرمانبەرێکیش 500 هەزار دیناری پێدراوە. بەڵام سۆران ئەبووبەکر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر بە رووداوی گوت "راستە بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ جێبەجێ کراوە، بەڵام حەوت ئەندام وەرگرتنی پارەکەیان رەتکردووەتەوە و هەشتیان وەریان گرتووە".
ئەندامێکی ژوورەکە: پارەکەم وەرنەگرت، چونکە نایاسایی بوو
سالار قادر فاتکە، ئەندامی ژووری بازرگانیی هەولێر، وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی رەتکردووەتەوە و لەوبارەوە بە رووداوی راگەیاند، پێموایە ئەو پارەیە نایاساییە و کارەکە سەرپیچییە، بۆیە رەتمکردەوە.
ئەنجوومەنی ژووری بازرگانیی هەولێر لە 15 کەس پێکهاتووە، سەرۆک، دوو جێگر و 12 ئەندام. سالار قادر گوتی، ئێستا ژووریی بازرگانیی هەولێر کاربەڕێکەرە و چاوەڕێین هەڵبژاردن بکرێت بۆ سەرۆک و ئەندامانی نوێی ژوورەکە.
سەرۆکی ژوورەکە: ئەنجوومەن بڕیاری دابەشکردنی پارەکەی داوە و نایاسایی نییە
مەلا مەجید سورچی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر بە وەکالەت، لەبارەی دابەشکردنی ئەو بڕە پارەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "لە کۆبوونەوەی مانگانەی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی، بڕیار دەدرێت و گشتاندنی بۆ دەکرێت، دابەشکردنی ئەو پارەیەش بە بڕیاری ئەنجوومەنەکە بووە".
مەلا مەجید سورچی ئاماژەی بەوەکرد، "پێشتریش کاری وا (دابەشکردنی پارە) هەبووە و نایاسایی نییە، ئەوەشی وەرینەگرتووە، دیارە پێویستی پێی نەبووە".
ژووریی بازرگانیی هەولێر، لە ساڵی 2005ەوە هەڵبژاردنی نێوخۆیی نەکردووە، بڕیاردراوە کە لە 30-11-2023 هەڵبژاردن بکات، پێشتر بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ بڕیاردراوە سەندیکا و ژوورەکان سڕ بکرێن و هیچ مامەڵەیەک رایی نەکەن، لەبەرئەوە شەرعیەتیان نەماوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرمایەی ژوورەکە 11 ملیار دینارە و نزیکەی 80 فەرمانبەری هەیە.
دۆسیەکە دەدرێتە دادگە
بۆ بەدواداچوونی زیاتر، تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی بە چەند بەرپرسێک لە ئیدارەی پارێزگای هەولێرەوە کرد و بەپێی زانیارییەکان، بڕیاردراوە لە دوای هەڵبژاردنی ژوورەکە، دۆسیەکە ببرێتە دادگە و ئەوانەی پارەکەیان وەرگرتووە دادگەیی بکرێن.
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پارێزگاری هەولێر دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەی بە "نایاسایی" لە قەڵەمداوە و بە یاسا دۆسیەکە یەکلایی دەکرێتەوە.