وان لە 10 مانگدا پێشوازی لە سەروو نیو ملیۆن گەشتیاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی ئاماری ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، تەنیا لە ماوەی 10 مانگی ئەم ساڵدا، ئەو پارێزگایە پێشوازی لە 523 هەزار گەشتیاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
 
هاتنی ئەو گەشتیارانە جووڵەیەکی زۆری بازرگانییان خستووەتە بازاڕەکانی وان.
 
فەوزی چەلیکتاش، یاریدەدەری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان دەڵێت، "لە ماوەی 10 مانگی ئەم ساڵدا، 523 هەزار گەشتیاری ئێرانی هاتوونەتە شارەکەمان. بە هاووڵاتییانی تورکیاشەوە لەو ماوەیەدا ملیۆنێک و 400 هەزار هاتن و چوون لە مەرزی کاپیکۆی تۆمارکراوە، ئامانجی ئێمە پێشوازیکردنە لە ملیۆنێک گەشتیار".
 
گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەگەڵ گەشتەکەیان، کاڵا و پێویستییەکانیشیان لە وان دەکڕن.
 
ئەوان گەشتەکانیان بەگوێرەی چالاکییە هونەرییەکان و ئاهەنگەکان رێکدەخەن و لە کاتی چالاکییەکانیشدا هۆتێلەکانی وان قەرەباڵخ دەبن.
 
ماریسا عەلیجانی، گەشتیارێک لە وان، ئەو باسی لەوە کرد، "ئێمە بۆ کۆ نسێرت هاتووینەتە شاری وان. دوای کۆنسێرتەکە گەڕانێکمان بە نێو شاردا کرد. شارێکی زۆر زیندووە و شەوانیشی خۆشە. خەڵکەکەی زۆر گەرموگوڕ و میهرەبانن".
 
فەرهاد نەبیزادە، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، نزیکەی چوار بۆ پێنج رۆژە لەگەڵ گرووپێکی گەشتیاری چوونەتە وان، "شارێکی زۆر خۆشە و شوێنەواری زۆری مێژوویی تێدایە. خواردنەکانی بەلەزەتن و هۆتێلەکانیشی خۆشن. خەڵکەکەی زۆر میواندۆستن".
 
بەگوێرەی ئاماری ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، هەر گەشتیارێک 300 بۆ 500 دۆلار خەرجدەکات.
 
حەمید یارەن، دوکاندار لە وان دەڵێت، "هاتنی ئێرانییەکان بۆ وان کاریگەرییەکی گەورەی هەیە و سوود بە ئابووریی ئەم شارە دەگەیێنێت. هەروەها نەهاتنیان زیانێکی گەورە بە ئێمە دەگەیێنێت".
 
بەگوێرەی راپۆرتی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، ساڵی 2022 داهاتی گەشتیاریی ئەو پارێزگایە 350 ملیۆن دۆلار بووە.