سەرۆککۆماری عێراق: سلێمانی شایستەی ئەوەیە بایەخی زیاتری پێ بدرێت

14-11-2023
نەورەس جاف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، سلێمانی لە بونیادنانی عێراقێکی دیموکراتی ئازادیی فیدراڵدا رۆڵێکی کارای گێڕا و شایستەی ئەوەیە لە خێر و خۆشی و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و جوانتر و جوانتر بێت.

د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، لە ساڵیادی بونیادنانی سلێمانیدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەمساڵ سلێمانی یادی 239 ساڵەی بونیادنانی دەکاتەوە، کە هەر لە دروستبوونییەوە لەسەردەستی بابانەکان تائێستا لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی لە کاروانی پێشکەوتنی شارە گەورە و گرنگەکانی عێراق و تەنانەت ناوچەکەشدا پێشەنگ بێت و ببێتە نموونەیەک لە جوانییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق".
 
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "کاتێک لە ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان، ئەو شارە بونیاد دەنرێت، بەناوی سلێمان پاشای باوکییەوە ناوی دەنێت سلێمانی و دەیکاتە پایتەختی میرنشینی بابان؛ لە هەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی رۆشنبیری، خوێندەواری و شارستانی. شاری سلێمانی، کە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە، بە درێژایی مێژووەکەی بووەتە سیمبوولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمان". 
 
شاری سلێمانی لە ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان بنیاتنرا و بووە پایتەختی میرنشینی بابان. ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکی، سلێمان پاشا، ناونا. ئێستا سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ناسراوە. 
 
د. لەتیف رەشید دەڵێت، لەو شارەوە گەلێک کەسایەتیی سیاسی، خەباتکار، رۆشنبیر، نووسەر، شاعیر، دڵسۆزی خاک و وڵات دەرکەوتوون و بە درێژایی تەمەنیان خزمەتیان بە مرۆڤایەتی کردووە. هەروەها دەشڵێت، "سلێمانی لە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداریی رژێمە خراپەکانی عێراق وەک بەعس، وچانی نەبوو؛ هەمیشە دەیویست ئازاد و سەربەست و دوور لە سەرکوتکردن بژی. رۆڵەکانی هەمیشە خەبات دەکەن بۆئەوەی ژیانێکی باشتر و خۆشتر بژین و بۆ نەوەکانی ئاییندەی بەدەستبهێنن، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی دروشمی عیراقێکی دیموکراتی و فیدراڵی و مافی گەلی کوردە لە عێراقدا و پشتگیریی خەباتی هەموو کوردی کردووە لە هەموو کوردستاندا".
 
هەر لە درێژەی پەیامەکەیدا، سەرۆککۆماری عێراق باس لەوە دەکات، "هەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە، سەرکردەکانی کورد وەک جەنابی شێخ مەحموودی حەفید داوای مافی کورد و دۆستایەتییان لەگەڵ گەلی عەرەب کردووە. لەم پێناوەدا زۆرجار لەگەڵ برا عەرەبەکاندا خاوەن خەبات بووین بۆ عێراقێکی دیموکراسی و بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد. هەر لەم چوارچێوەیەدا رۆشنبیرەکانی کورد و عەرەب دۆستایەتیی بەهێز و پێکەوە تێکۆشانیان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان هەیە".
 
لەتیف رەشید هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کە "ئەم شارە زیندووەی نیشتمان لە بونیادنانی عێراقێکی دیموکراسی ئازادی فیدراڵدا رۆڵێکی بەهێزی گێڕا، جێ دەستی لە هێنانەکایەی عێراقێکی جیاوازی دوور لە دیکتاتۆرییەت زۆر باش دەناسرێتەوە؛ هەربۆیە شایستەی ئەوەیە لە خێر و خۆشی و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و کاربکرێت بۆئەوەی جوانتر و جوانتر بێت. بەتایبەت کە زۆربەی هێزە سیاسییەکان بنکەی بەهێزیان لە سلێمانی بووە".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 14-11-2023، 239 ساڵ بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێت.
 
لە کۆتاییدا پەیامەکەیەدا، د. لەتیف رەشید جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق هەمیشە کاردەکەین بۆ خزمەتکردنی هەموو پارێزگا و شارەکانی نیشتمان، دەمانەوێت خزمەتگوزاری، گەشەپێدان و پێشکەوتنی شارەکانی وڵات لە باشترین ئاستدا بێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوام و کارکردنی پێکەوەییداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکان. سلێمانی و هەموو شارەکانی نیشتمانەکەمان هەر گەشاوە و ئارام بن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نزیکەی 70 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە کەمپی دۆمیز دەمێننەوە.

دانیشتووانی کەمپی دۆمیز لە گەڕانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان دوودڵن

کەمپی دۆمیز لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 70 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا تێیدا دەمێننەوە. 20 رۆژە سووریا لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد نەماوە، بەڵام کوردانی دانیشتووی کەمپی دۆمیز لە گەڕانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان دوودڵن.