بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی داوای دەرماڵە دەکەن؛ "خوێندکار هەیە رۆژانە 250 دیناری پێیە"

14-11-2022
نزار جەزا
ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی: خوێندن بۆ کاتێکی نادیار رادەگیرێت
ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی: خوێندن بۆ کاتێکی نادیار رادەگیرێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی خوێندنی بۆ کاتێکی نادیار راگرت و پشتیوانی بۆ داواکارییەکانی خوێندکاران راگەیاند. ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژی لەسەر یەک خۆپێشاندانی خوێندکاران لە سلێمانی ئاڵۆزی لێکەوتەوە، بەدرێژایی رۆژ لە بەردەم زانکۆی سلێمانی هێزە ئەمنییەکان و خوێندکاران بەرامبەر یەک وەستان، رێگەی سەرەکیی سلێمانی-کەرکووک بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج کاژێر داخرا.
 
خوێندکاران داوای بەیاساییکردنی دەرماڵە و زیادکردنی خزمەتگوزاری بەشەناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی کرێی پاراڵێڵ دەکەن. خوێندکارێک دەڵێت، داواکارییەکانمان هێندە قورس نین حکومەت نەتوانێت جێبەجێیان بکات. 
 
بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانییەوە، ئەم خوێندکارانە برینداربوون و لەنێو بنکەی تەندروستیی زانکۆی سلێمانی چارەسەری پێویستیان بۆ کرا.
 
سەهەند سۆران، خوێندکارێکە و دەڵێت، "داواکارییەکانمان هێندە قورس نییە، کە حکومەت نەتوانێت جێبەجێی بکات، داوای دابەشکردنی دەرماڵە لەکاتی خۆیدا دەکەین، هاوکات داوای کەمکردنەوەی کرێی پاراڵێڵ دەکەین."
 
لە دووەم رۆژی نارەزایەتییەکاندا، نزیکی هەشت کاژێر هێزە ئەمنییەکان و خوێندکاران لە بەردەم زانکۆی سلێمانی بە بەرد و گازی فرمێسکڕێژ و ئاو رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
 
شەیما عەبدوڵڵا، خوێندکارە و دەڵێت، "دەرماڵە مافی خۆمانە و پێویستە بکرێتە یاسایی، خوێندکار هەیە لە کاژێر هەشتی بەیانی بۆ دووی نیوەڕۆ لە زانکۆیە تەنها 250 دیناری پێیە، ئەم پارەیە بدات بەچی؟ هەندێک خوێندکاری بەشەناوخۆییش بە مانگ و دوو مانگ ناگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە چونکە پارەیان پێ نییە."
 
عومەر ئەحمەد، خوێندکارێكی دیکەیە و دەڵێت، "هەموو خوێندکارەکان لە هێڵی نێوەڕاستن، واتە دەوڵەمەند نین، بۆیە خوێندکاران پێویستیان بەو دەرماڵەیە هەیە و بەتایبەت بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی زۆر گرنگە، چونکە دەتوانن بەشە خۆراکی لانیکەم مانگێک دابینبکەن."
 
شادان عەلی، خوێندکاری بەشە ناوخۆییە و دەڵێت، "لەکاتی تاقیکردنەوەکان ناتوانین بخوێنین، چونکە ژووری بەشە ناوخۆییەکان زۆر بچووکن و نزیکەی نۆ خوێندکار لە ژوورێکدان، کە چوار سیسەمی تێدایە."
 
بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە، ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی بەکۆی دەنگ بڕیاری راگرتنی خوێندنی خوێندکارانی بۆ کاتێکی نادیار دا. 
 
تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەداوەتەوە، کە ئایا لە توانایدایە نزیکەی پێنج ملیار دینار بۆ دەرماڵەی خوێندکاران دابینبکات یاخود نا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە