پرسی گۆڕانکاری و بەستنی پلنیۆم و کۆنگرەی یەکێتی بووەتە رۆژەڤ

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای یەکلاییبوونەوەی ژەهرخواردکردنی سێ سەرکردەی یەکێتی، ئێستا پرسی گۆڕانکاری و بەستنی پلنیۆم و کۆنگرە، بووەتە رۆژەڤ.
 
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "پلنیۆم بەپێی ئەو پەیڕەوەی ئێمە نووسیومانە، نازانم ئەمانە چییان نووسیوە بۆ پلنیۆم بەڕاستی، بەپێی ئەو پەیڕەوەی ئێمە نووسیومانە کاتی خۆی، دەسەڵاتی کەمە. ئەم سەرکردایەتییەی ئێستا دەتوانێت دانیشێت، چونکە کۆنگرە دەسەڵاتیان داوە بە سەرکردایەتی، دەتوانن دەسەڵاتی پلنیۆم زیادکەن ئێستا؛ بۆیە ئەگەر کۆنفرانس یاخود کۆنگرە زەحمەت بێت، پلنیۆمێکی دەسەڵات زیاتر پێدراو بتوانێت ئەو چاکسازییە بکات کە من پێم گوتن".
 
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش ئاماژە بەوە دەکات، دەکرا کۆنگرەی چوارەم دوابخرێت و شوێنە بۆشەکان پڕبکرێنەوە، نەک کۆنگرە بکرێت. دەشڵێت، دوای بەستنی کۆنگرە، هەڵەی دووەمیان زیادکردنی لەڕادەبەدەری ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بوو.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی گوت، "پێموایە بەسەرچوو، هاوسەرۆکی جارێکی دیکە نایەتەوە، یەکێتیی نیشتمانی یەک کەس بەرپرسی یەکەم دەبێت، جا ناونیشانەکەی چی دەبێت، ئایا ئەم سەرکردایەتییە دەتوانێت ئەم ناونیشانە بگۆڕێت یاخود ناونیشانێکی دیکەی بۆ دادەنرێت، بەڵام یەک سەرۆکی دەبێت".
 
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک بەسەر کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی و پەسندکردنی سیستەمی هاوسەرۆکی، لە 8ی تەممووزی 2021ـەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی بە چەند گۆڕانکارییەک کرد و بەهۆیەوە گرفت دروستبوو. دواتر بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی بە پاڵپشتیی مەکتەبی سیاسی بڕیاریدا لاهوور جەنگی، هاوسەرۆک و سێ ئەندامی سەرکردایەتیی دیکە دەربکات.
 
سالار عەزیز، سەرکردەی پێشووی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، "زۆر لەگەڵ ئەو برادەرانە خەریک بووم، چونکە دەمزانی کۆنگرەکە چۆنچۆنی دەردەچێت و پلانداڕێژراو بووە، ئێستاش پێموایە پەلە لە کۆنگرە نەکەن، بەڵام هەموویان دەتوانن پێکەوە بە هاوکاریی کادیرە تێکۆشەر و ژیارەکان و هەموو ئەو برادەرانەی کە لەناو ئەنجوومەنەکانن و خەڵکانی دیکەی نێو یەکێتی، هەوڵی ئەوە بدەن کە یەکێتی راستکەنەوە".
 
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی پرسی ژەهرخواردکردنی بافڵ تاڵەبانی، مەلا بەختیار و حەسەن نووری کۆببێتەوە. دوای یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسەش، بڕیار لەبارەی هەیکەلی یەکێتی دەدرێت.