رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دیاردەی کۆچکردن بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "بەشێک لەو هاووڵاتییانە لە لایەن پەکەکە و کۆمەڵێک قاچاخچی و هەندێ کۆمپانیای گەشتوگوزار و هەندێک بازرگانی سیاسی ئیستیغلال کراون کە بەهانەی جۆراوجۆر بخەنە روو و تۆمەت ببەخشنەوە بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دۆسیەی وەرگرتنیان لەو وڵاتانە بەهێزتر بکەن."
رۆژی یەکشەممە 14-11-2021 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی کۆچی هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەو هاووڵاتییانەی ئێستا لە بێلاڕووس گیریان خواردووە پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە و بە رێگەیەکی یاسایی و گەشتی ئاسایی سەفەریان کردووە بۆ گەیشتن بەو وڵاتە، ئەوجا پەڕینەوە بۆ وڵاتی دیکە. هەروەها هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەبەر کێشەی سیاسی و ئازادیی کەسی ناچار نەبووە گەشت بکات."
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەرێمی کوردستان بووەتە "پێگەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیان و ئازادیی تاکەکان بۆیەش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بیانی و وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکانی دیکەی عێراق سوودیان لەو کەشە ئارامەی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوە پەنایان بۆ هێناوە. هەروەها لە رووی دەرفەتەکانی باشترکردنی ژیان، هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە شوێنی سەردانی خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەرفەتی بەدەستهێنانی هەلی کاری زۆرتر رەخساندووە و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش سوودمەندن لەو بەرەوپێشچوونە."
هەر لە روونکردنەوەکەدا لەبارەی ئەوانەی کە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن و داوای مافی پەنابەریێتی دەکەن، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئێمە پشتگیری لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەر مرۆڤێک دەکەین بۆ گەشتکردن، بەڵام هەموو ئەو تۆمەت و ناوزڕاندنەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، بە دروست نازانین."
دەقی روونکردنەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆچکردن
ماوەیەکە دیاردەی کۆچکردن بۆ وڵاتانی رۆژئاوا سەری هەڵداوە کە کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی روویان کردووەتە بیلارووسیا بەو ئومێدەی بتوانن مافی پەنابەرێتی لە وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرن.
بەشێک لەو هاووڵاتییانە لە لایەن پەکەکە و کۆمەڵێک قاچاغچی و هەندێ کۆمپانیای گەشتوگوزار و هەندێک بازرگانی سیاسی ئیستیغلال کراون کە بەهانەی جۆراوجۆر بخەنە روو و تۆمەت ببەخشنەوە بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دۆسیەی وەرگرتنیان لەو وڵاتانە بەهێزتر بکەن.
هەرێمی کوردستان بووەتە پێگەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیان و ئازادیی تاکەکان بۆیەش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بیانی و وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکانی تری عێراق سوودیان لەو کەشە ئارامەی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوە پەنایان بۆ هێناوە. هەروەها لە رووی دەرفەتەکانی باشترکردنی ژیان، هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە شوێنی سەردانی خەڵکی دەرەوەی هەرێم و ئەوەش دەرفەتی بەدەستهێنانی هەلی کاری زۆرتر رەخساندووە و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش سوودمەندن لەو بەرەوپێشچوونە.
ئەو هاووڵاتییانەی ئێستا لە بێلاڕووس گیریان خواردووە پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە و بە رێگەیەکی یاسایی و گەشتی ئاسایی سەفەریان کردووە بۆ گەیشتن بەو وڵاتە، ئەوجا پەڕینەوە بۆ وڵاتی دیکە. هەروەها هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەبەر کێشەی سیاسی و ئازادیی کەسی ناچار نەبووە گەشت بکات. ئەو هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی ئازادانە گەشتیان بۆ وڵاتانی تر کردووە، ئەگەر ئازادیی تاکەکەسی نەبوایا نەیاندەتوانی بە شێوەیەکی ئاسایی لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانەوە گەشت بکەن. ئێمە پشتگیری لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەر مرۆڤێک دەکەین بۆ گەشتکردن، بەڵام هەموو ئەو تۆمەت و ناوزڕاندنەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، بە دروست نازانین و داواش دەکەین لە رووی مرۆییەوە رەچاوی بارودۆخی ئەو خەڵکە بکرێت کە لەسەر سنوورەکان گیریان خواردووە و هاووڵاتییانی ئێمەش نەبن بە قوربانیی کێشە نێودەوڵەتییەکان و کەسیش بازرگانی بەو بابەتەوە نەکات.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
14ی تشرینی دووەمی 2021
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ