رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، دژی دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵی چالاکڤانانی کولتووری و ژینگەپارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێست بگرن.
ناوەندی هاوکاری لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە ئێوارەی پێنجشەممەوە 28 کەس کە چالاکڤانانی مەدەنی کورد، کە زۆربەیان لەبواری کولتووری و ژینگەپارێزیدا چالاکی دەکەن، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە لە شارەکانی بانە، مەریوان و سەقز دەستبەسەرکراون و گواستراونەتەوە بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی سنە.
ئەو ناوەندە، کە لە دوو لایەنی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پێکهاتووە، دەڵێت، دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە دوای هاتنەسەرکاری کابینەی ئیبراهیم رەئیسی و هاوکاتە لەگەڵ گۆڕینی بەرپرسانی ئەمنیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات، لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە و چارەنووسیان بێ هەڵوێست نەبن و کاردانەوەیان هەبێت.
هەروەها بەرەی یەکگرتووی کورد لەبارەی دەستبەسەرکردنی چالاکڤانان و ژینگەپارێزانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەستبەسەرکردنی چالاکڤانان نابێتەهۆی چارەسەر بوونی کێشەکان و دۆخەکە لەوەی هەیە، خراپتر دەکات.
بەرەی یەکگرتووی کورد، کە تاکە رێکخراوی سیاسی ئاشکرای نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، لە دۆخێکدا کە رەوشی ئابووریی خەڵک هەروا خراپتر دەبێت و زیانە کۆمەڵایەتییەکان و کێشە ئابوورییەکان هەروا زیاتر دەبن، دەسەڵات دەستی بە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی گەنجانی کورد کردووە کە زۆربەیان لە بواری کولتووری و ژینگەییدا چالاکن.
بەرەکە ئاماژەی بەوەشداوە، دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە دۆخەکە لەوەی هەیە خراپتر دەکات و نائەمنی زیاتر دەکات و کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندیی خەڵک و حکومەت نابێت و نابێتەهۆی چارەسەربوونی هیچکام لە کێشەکانی نێوخۆ و دەرەوە.
بەرەی یەکگرتوو داوای ئازادکردنی ئەو کەسانە و هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات و داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات، رێز لە ئازادییەکانی خەڵک بگرن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە سێ رۆژی رابردوودا لە بانە 19 کەس، لە سەقز 2 کەس و لە مەریوان شەش کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ