داوای دانیشتنی پەرلەمان بۆ لێكۆڵینەوە لە قوربانیانی سپایكەر دەكرێت

رووداو ـ بەغدا

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیروون داوای دووبارە هەڵدانەوەی كەیسی كوشتارگەی سپایكەر و ئاشكراكردنی ئەو بەرپرسانەی كرد كە هۆكاری روودانی تاوانەكە بوونە.


شەیما تمیمی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لەنێو هۆڵی پەرلەمان گوتی: "پێویستە كەیسی سپایكەر جارێكی دیكە هەڵبدرێتەوە و ئەو بەرپرسانەی هۆكاری روودانی تاوانەكە بوون ئاشكرابكرێن، هەموو جۆرە سستیەكیش لەبەرامبەر ئەو كەیسە رەتدەكەینەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی سائیروون دەڵێت: "بۆ تاوتوێكردنی كەیسی سپایكەر لەنێو هۆڵی پەرلەمان و هەڵوەستەكردن لەسەر ئەوانەی هۆكاری تاوانەكە بوونە كە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 700 عێراقی بوونە قوربانی، داوای ئەنجامدانی دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانمان كردووە".

لە حوزەیرانی 2014 چەكدارانی داعش شاری تكریتیان كۆنترۆڵكرد، لە 31ـی ئاداری 2015ـش حكومەتی عێراق شارەكەی لەدەست داعش كۆنتڕۆڵكردەوە.

بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانی عێراقی دوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری تكریت لەلایەن چەكدارانی داعش لە 12ـی حوزەیرانی 2014، نزیكەی هەزار و 700 سەرباز و خوێندكار و راهێنەریان لە بنكەی ئاسمانی سپایكەر دەستگیركرد و دواتر گوللـەبارانیان كردن.

لە 21ـی ئابی رابردووش دەسەڵاتدارانی عێراق لە بەندیخانەی ناوەندی ناسریە لە پارێزگای زیقار لە باشووری رۆژهەڵاتی عێراق، سزای لەسێدارەدانیان بەسەر 36 كەس جێبەجێكرد كە بە بەشداریكردن لە تاوانی سپایكەر سزای لە سێدارەدانیان لەدژ دەركرابوو.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن