قوربانییەکی هاتووچۆ کە ئەگەری مردنی 95٪ بوو؛ خراپیی رێگەی خەلەکان – دووکان هۆکاری رووداوەکە بوو
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سلێمانی حەوت رێگەی ستراتیژی هەن، کە بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، تەنیا لە دووانیان کاردەکرێت و لەوانی دیکە وەستاوە.
تەواونەکردنی کارەکان وایکردووە؛ رێگەکان یەکساید و خراپ بن و بەهۆیەوە ساڵانە چەندین رووداوی هاتووچۆ روودەدەن.
محەممەد سۆرانی تەمەن 21 ساڵ، پاش مانەوەی مانگێک لە نەخۆشخانە، کە نیوەی رۆژەکانی بەبێهۆشی لە چاودێریی چڕ بەسەربرد؛ گەڕاوەتەوە ماڵەکەی لە شارەدێی خەلەکانی شارۆچکەی دووکان.
رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگە یەکسایدییەکەی خەلەکان – دووکان ئەو دۆخەی بەسەر محەممەد هێناوە. خۆی و باوکیشی، خراپیی رێگەکە بە هۆکار دەزانن.
محەممەد سۆران، بەهۆی سەختیی رووداوەکەوە، چۆنییەتی روودانی کارەساتەکەی بیرنەماوە، بەڵام هاوڕێکەی کە لەگەڵیدا بووە، پێیگوتووە ئۆتۆمبێلێکت تێپەڕاندووە و خۆت بە ئۆتۆمبێلی بەرامبەر کێشاوە.
بەهۆیەوە دەست، قاچێکی، حەوزی سمت و بڕبڕەی شکاوە، هاوکات جگەر و زراوی تەقیوە.
سۆران فارس، باوکی قوربانییەکەیە دەڵێت "پزیشکەکەی گوتی 95٪ ئەگەری هەیە بمرێت، بەڵام هەرچۆنێک بوو لەسەر بەرپرسیاریێتی خۆمان نەشتەرگەری بۆ کرد و سوپاس بۆ خوا زیندوو مایەوە."
باوکی محەممەد باس لەوە دەکات، رێگەکە هێندە خراپە، دەبوو لەسەرەتای رێگەکەوە لافیتەیەک هەڵبواسرێت و لەسەری بنووسن ''رێگەی مەرگ.''
رێگەی دووکان بۆ چوارقوڕنە، یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی هەولێر، کە رێگەیەکی یەک سایدە و رۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێلی بچووک و گەورە هاتووچۆی پێدا دەکەن.
لەو رێگەی، لەماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 72 کەسی دیکەش بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون، ساڵانەش نزیکەی 15 کەس گیان لەدەستدەدەن و 130 کەسیش بریندار دەبن.
تیمی رووداو لەکاتی ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە تایبەتە، لەسەر رێگەکە بوون کاتێک رووداوێکی دیکەی هاتووچۆیان لەسەر رێگەی خەلەکان بینی، کە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان دەیویست لە سلێمانییەوە بچێتە هەولێر، بەڵام کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و خۆی کێشا بە ئۆتۆمبێلێکدا و دواتر وەرگەڕا.
بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستیی خەلەکان دەڵێت ''هێندە رووداوی هاتووچۆی سەختمان لەم رێگە خراپە بینیوە، بەشێک لە کارمەندەکانمان تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون."
مەڵبەند حەمەد مستەفا، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستیی خەلەکان گوتی "هێندە رووداوی جەرگبڕمان بینیوە، شەوان خەومان نەماوە، کارمەندمان هەیە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە."
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکان باس لە تاقانەی ئەنفال دەکرێت، بەڵام "ئێمەش تاقانەی رێگەوبانمان هەیە، چونکە رووداوی هاتووچۆ هەبووە لە خێزانێکدا یەک کەس زیندووماوەتەوە."
بۆ تەواوکردنی بەشێک لە رێگە ستراتیژییەکانی پارێزگای سلێمانی کە شار، قەزا و ناحیەکان بە شاری سلێمانییەوە دەبەستنەوە، نزیکەی 90 ملیار دینار پێویستە، بەڵام دەوروبەری 10 ساڵە ئەو رێگایانە هەر کەم کەم کاریان تێدادەکرێت و ماوە ماوە دەستیان لێ هەڵدەگیرێت، لەکاتێکدا بەهۆی خراپیی بەشێک لەو رێگایانە کە هێندە رووداوی هاتوچۆ تێیاندا روویداوە، بەشێک لە هاونیشتمانییان بە رێگەی مەرگ ناویاندێنن.
لە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی سلێمانی، حەوت رێگەی ستراتیژییان دیاریکردووە، کە رێژەی کارکردن تێیاندا بەم جۆرەیە:
رێگەی باشماخ - پێنجوێن؛ 78٪ـی تەواوبووە.
رێگەی سەیدسادق - هەڵەبجە؛ 99٪ـی تەواوبووە.
رێگەی وارماوە - دەربەندیخان؛ 81٪ـی تەواوبووە.
رێگەی دووکان - چوارقوڕنە؛ قۆناخی یەکەمی 93٪ـی تەواوبووە
رێگەی دووکان - چوارقوڕنە؛ قۆناخی دووەمی 49٪ـی تەواوبووە.
رێگەی کەلار - دەربەندیخان؛ 82٪ـی تەواوبووە.
رێگەی کەلار - کفری؛ 95٪ـی تەواوبووە.
شۆفێران لەبارەی هەریەک لەو رێگایانە بدوێنیت، چیرۆکی خۆی هەیە و داوای بەدووسایدکردنی رێگەکان دەکەن.
فەریق رەسوول، دانیشتووی کانیوەتمانە، لە سەر رێگەی خەلەکان - دووکان بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە برا، برازا، پوور و دوو پوورزای گیانیان لەدەستداوە. دەڵێت "کاتێک بەم رێگەیەدا دەڕۆین و ئەم شوێنە دەبینین، روودەکەینە ئەولای شەقامەکەدا، چونکە دڵمان نایەت تەماشای شوێنی رووداوەکە بکەین، کە هێندە دڵتەزێن بوو."
مەسعود مەحموود، دانیشتووی دەربەندیخانە و زۆرکات لەنێوان زەڕایەن و دەربەندیخانە هاتووچۆ دەکات، باس لەوە دەکات، هەرکاتێک بەم رێگەیەدا هاتووچۆ بکەیت، دەبێت بە ترسەوە بڕۆیت تاوەکو دەگەیتە جێگەکەت، چونکە هێندە رووداوی هاتووچۆی سەخت بەهۆی خراپیی رێگەکەوە دروستبوون.
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی سلێمانی، تاکە بودجەی بەردەستیان داهاتی وێستگەکانی کێشە، کە ساڵانە نزیکەی شەش ملیار دینارە و لەلایەن بانکی ناوەندی هەرێمەوە بۆیان دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام ئەمیش تەنیا بەشی هەندێک پڕۆژەی بچووک دەکات، نەوەک رێگە ستراتیژییەکان.
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانییە، ئاماژە بەوە دەکات، بودجەی ئەو حەوت پڕۆژە ستراتیژییە دەبێت لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و بانکەکانیش بتوانن پارەی کاشی بۆ دابین بکەن.
گوتیشی "ئێستا تەنیا دوو پڕۆژەیان کاریان تێدا دەکرێت، ئەوانیش رێگەی باشماخ پێنجوێن و کەلار دەربەندیخانن، ئەوانی دیکە کارکردن تێیاندا وەستاوە."
بەگوتەی بەرپرسانی رێگەوبانی سلێمانی؛ ئەو حەوت رێگەیە تەنیا یەکێکیان کێشەی هونەری هەیە، ئەگەرنا ئەوانی دیکە کێشەی بودجەیان هەیە.