رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان 2 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 2 کەسی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە شەوی رابردوو لە رێگەی ورمێ-سێرۆ روویدا و تێیدا بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیجۆ پرشیا پێکیاندادا.
بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە گڕیان گرتووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە رووداوەکەدا ئایەت عەلیپووری تەمەن 18 ساڵ خەڵکی گوندی میرداودی سێرۆ و یوسف محەممەدزادە سوفیانی تەمەن 16 ساڵ خەڵکی گوندی جلغەرانی سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ گیانیان لەدەستداوە.
تیمەکانی ئاگرکوژینەوە و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تەرمی دوو هاونیشتمانە مردووەکەیان دەرهێنا و بریندارانی رووداوەکەش لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
27-09-2024، رەزا پەناهی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-09-2024 نزیکەی 200 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگەکانی ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ