هۆشیار زێباری: ئێمە مافی کەس ناخۆین و ناهێڵین کەسیش مافمان بخوات

14-10-2024
مالیک محەممەد
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی حیزبەکەی لە دهۆک گوتی: گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان نابێت و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی حیزبەکەی لە دهۆک رایگەیاند، "ئێمە هەموو هێز و توانایەکی خۆمان داوەتە ئەم هەڵبژاردنە، چونکە دەزانین ئەم هەڵبژاردنە چەند گرنگە بۆ ئێمە، لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان."
 
گوتیشی: "پێویستە رێنماییەکانی کۆمیسیۆن وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن، دەبێت هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی و بە یەکسانی مافی بانگەشەیان هەبێت، ئێمە هیچ پێویستیمان بەوە نییە رێگە لە لایەنی دیکە بگرین، کە نەهێڵین بانگەشە بکەن."
 
هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆک بارزانی لە هەموومان زیاتر ماندووبووە لەم ماوەیەی بانگەشەدا، ئامانجیش ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا زۆر بەباشی سەربکەوین، چونکە زۆر شت لە داهاتووی کوردستان پەیوەندیی بەم هەڵبژاردنەوە هەیە، ئامانجی پارتیش هەمیشە بەرگریکردن لە مافی میللەتەکەی بووە."
 
سەبارەت بە بەشداری گەنجان لە هەڵبژاردن، هۆشیار زێباری گوتی، "لە پارێزگای دهۆک، 80 هەزار گەنج یەکەمینجارە کە دەنگ دەدەن، داوا دەکەین زوو بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەن، بەڕاستی بوون و دەنگدانی ئەو گەنجانە زۆر گرنگە."
 
چەندین رێکخراو و میدیای نێودەوڵەتیی بۆ چاودێریکردن و رووماڵکردنی هەڵبژاردنەکان خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمار کردووە، ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، "ئێمە بووین کە داوامان لە یونامی و نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، کە بێن و چاودێری هەڵبژاردنی ئەمجارە بکەن، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە پاک و بێگەردی بەڕێوەبچێت، ئەوانیش وەڵامی داواکەیان داینەوە و ئامادە دەبن. بەڕاستی ئێمە مافی کەس ناخۆین و ناهێڵین کەسیش مافمان بخوات."
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دڵنیایی دا لەوەی، "شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی هەروەها گرژی و ئاڵۆزییەکانی دیکەی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان نابێت و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت؛ دەشمانەوێت حوکمڕانییەکی باش و لێهاتوو سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ئالنگارییەکانی داهاتوو ببێتەوە".
 
سبەی 15ـی تشرینی یەکەم دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە، رۆژی 18 ی مانگ دەنگدانی تایبەت و 20 مانگیش هەڵبژاردنی گشتیی بەڕێوەدەچێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".